Accessibility links

واشنتن داوا لە ئەنجومەنی ئاسایش دەکات دەنگدانێک ئەنجام بدات سەبارەت بە ڕەوانەکردنی یارمەتی بۆ ڤەنزوێلا


ئیلیەت ئابرامز
ئیلیەت ئابرامز

ئەندامێکی نوێنەرایەتی ئەمەریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان وتی ئەمەریکا داوا لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەکات لەم هەفتەیەدا دەنگدانێک ئەنجام بدات لەسەر پڕۆژ بڕیارێک کە ڕێگە بە گەیشتنی یارمەتییە مرۆییەکان دەدات بۆ ناو ڤەنزوێلا.

ئیلیەت ئابرامز پێش کۆبوونەوەی ئەنجومەنەکە سەبارەت بە قەیرانی ڤەنزوێلا بە ڕۆژنامەنووسانی وت " لەم هەفتەیەدا بڕیارێکمان دەبێت سەبارەت بە گەیشتنی یارمەتییە مرۆییەکان بۆ ناو ڤەنزوێلا."

لەلای خۆیانەوە وڵاتانی ئەوروپی ئەندام لە ئەنجومەنی ئاسایشدا پشتیوانی خۆیان دەربڕی بۆ داواکە و گەیشتنی یارمەتییەکان بۆ ناو ڤەنزوێلا، هەروەها داوایان کرد هەڵبژاردنێکی سەرۆکایەتی ڕێکبخرێت بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی سیاسیی ئەو وڵاتە.

ئەو وڵاتانە کە هەریەک لە بەڕیتانیا و ئەڵمانیا و فەڕەنسا و بەلجیکا و پۆڵەندا بوون لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا وتیان هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمدواییەی ڤەنزوێلا یاسایی و دیموکراسییانە نەبووە، هەروەها داوایان کرد بگەڕێنەوە بۆ دیموکراسییەت لەڕێی ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی سەرۆکایەتیی سەربەخۆ و شەفاف و متمانەپێکراوەوە.

ئەم وڵاتانە سەرکۆنەی توندوتیژییەکانی ئەم هەفتەیەی سەر سنووری ڤەنزوێلایان کرد و داوایان کرد " دان بەخۆیاندا بگرن و خۆیان بەدووربگرن لە بەکارهێنانی هێز."

هەروەها لە بەیاننامەکەدا هاتووە دەڵێت " پێویستە ڕێگە بدرێت یارمەتییە مرۆییەکان بگەنە ناو وڵاتەکەوە." جەختیشی لە پشتیوانی تەواوی خۆیان کردەوە بۆ کۆمەڵەی نیشتیمانی ڤەنزوێلا بە ڕابەرایەتی خوان گوایدۆ کە خۆی وەکو سەرۆکی کاتی ڤەنزوێلا ڕاگەیاند و پشتیوانی نزیکەی 50 وڵاتی دەستکەوت، لەوانەش ئەمەریکا و بەڕازیل و کۆڵۆمبیا و زۆرینەی وڵاتانی ئەندام لە یەکێتی ئەوروپادا.

بەڵام ڕوسیا و چین هێشتا پشتیوانی لە حکومەتەکەی نیکۆلاس مادورۆ دەکەن.

جێی ئاماژەیە ئەگەری هەیە پڕۆژە بڕیارەکەی ئەمەریکا ڕووبەڕووی مافی ڤیتۆ ببێتەوە لەلایەن ڕوسیا و چینەوە کە پشتیوانی لە مادورۆ دەکەن و دەڵێن ئەمەریکا دەستی وەرداوەتە ناو کاروباری ناوخۆی ڤەنزوێلاوە.

بۆ پەسەندکردنی هەر بڕیارێک لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیدا پێویستە بڕیارەکە نۆ دەنگی ڕەزامەندی بهێنێت بەبێ ئەوەی مافی ڤیتۆ بەکاربهێرێت لەلایەن ئەندامە هەمیشەییەکانی ئەنجومەنەکەوە کە ئەوانیش بەڕیتانیا و چین و فەڕەنسا و ڕوسیا و ئەمەریکان.

کاتێک سەبارەت بە ئەگەری بەکارهێنانی ڤیتۆ پرسیار لە ئابرامز کرا، لە وەڵامدا وتی " پێم وایە شەرمەزاری دەبێت مافی ڤیتۆ لەدژی بڕیارێک بەکاربهێنرێت کە داوای پێشکەشکردنی یارمەتی مرۆیی دەکات."

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG