Accessibility links

ئەمەریکا بە ئەنجومەنی ئاسایش دەڵێت هێرشەکانی لە عێراق و سوریا بۆ بەرپەرچدانەوەی ئێران بووە


باڵیۆزی ئەمەریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان لیندا تۆماس گرینفیڵد
باڵیۆزی ئەمەریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان لیندا تۆماس گرینفیڵد

ئەمەریکا بە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی ڕاگەیاند هێرشە ئاسمانییەکانی وڵاتەکە لە عێراق و سوریا ئامانج لێی ڕێگریکردن بووە لە گروپە چەکدارەکان و تاران تاوەکو هێرشی دیکە یاخود پشتیوانی زیاتر لە ‌هێرشەکانی سەر هێز و دامەزراوەکانی ئەمەریکا نەکەن.

بەپێی بەندی 51 ی نەتەوە یەکگرتووەکان، هەر وڵاتێک هەر جوڵەیەک بکات بۆ بەرگریکردن لە خۆی دژی هەر هێرشێکی چەکداریی، دەبێت بەزووترین کات ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی ئاگادار بکاتەوە.

باڵیۆزی ئەمەریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان لیندا تۆماس گرینفیڵد وتی هێرشە ئاسمانییەکان کۆمەڵێک شوێنیان کردۆتە ئامانج کە گروپە چەکدارییەکان بەکاریدەهێنن و بەرپرسن لە هێرشەکانی سەر هێز و دامەزراوەکانی ئەمەریکا لە عێراق.

لە نامەیەکی نوسراودا گرینفیڵد وتی " ئەم ڕێوشوێنە سەربازییە کاتێک گیراوەتەبەر کە دەرکەوتووە بژاردە نا سەربازییەکان گونجاو نەبوون بۆ بەرپەرچدانەوەی هەڕەشەکان، ئامانجیش لێی کەمکردنەوەی هەڕەشەکان و چارەسەرێک بووە بۆ ئەوەی دووبارە هێرشی دیکە ڕوونەداتەوە."

سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدنیش نامەیەکی نوسراوی هاوشێوەی ڕەوانەی کۆنگرێسی ئەمەریکا کرد و تیایدا دەڵێت " ئەمەریکا ئامادەیە بۆ هەر جوڵەیەکی دیکە، لە کاتی پێویست و بەشێوەیەکی گونجاو، ئەوەش بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر هەڕەشەیەک یاخود هێرشێکی دیکە."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG