Accessibility links

ئەمەریکا: هیچ سازشێک نەکراوە بۆ تورکیا بۆ پشتیوانیکردن لە سوید و فینلەندا


ئەمەریکا دەڵێت لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەی ناتۆدا لە مەدرید هیچ سازشێک نەکراوە بۆ تورکیا بۆ ئەوەی گڵۆپی سەوز بۆ ئەندامێتی سوید و فینلەندا لە ناتۆ هەڵبکات.

بەرپرسێکی باڵای ئەمەریکا بە ڕۆژنامەنووسانی وت " تورکیا هیچ داوایەکی لە ئەمەریکا نەکردووە تاوەکو ئەمەریکا سازشێک لەسەر شتێکی دیاریکراو بۆ تورکیا بکات."

بەرپرسەکەی ئەمەریکا کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکات وتی بڕیارەکەی تورکیا " یەکگرتوویی ناتۆ بەهێزتر دەکات."

پێشتر ئۆفیسی سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ڕایگەیاندبوو پێش ئەوەی ئەنقەرە بە داواکەی سوید و فینلەندا بۆ چوونە پاڵ هاوپەیمانێتی ناتۆ ڕازی ببێت " تورکیا ئەوەی ویستوویەتی لە سوید و فینلەندای دەستکەوتووە."

ئۆفیسی سەرۆکایەتی تورکیا لە بەیاننامەیەکدا وتی " تورکیا دەستکەوتێکی گەورەی بەدەستهێنا لە شەڕیدا دژ بە ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان، تورکیا ئەوەی ویستی دەستیکەوت."

لە بەیاننامەکەدا دەڵێت سوید و فینلەندا ڕێکەوتوون لەسەر ئەوەی " بە تەواوەتی هاریکاری بکەن لەگەڵ تورکیادا لە شەڕیدا دژ بە پەکەکە " و گروپە چەکدارییە کوردییەکانی دیکە.

وتیشی دوو وڵاتەکە ڕازیبوون لەسەر کۆتایی هێنان بە قەدەغەکردنی هەناردەکردنی چەک بۆ تورکیا، کە دوای دەستوەردانە سەربازییەکەی تورکیا لە ساڵی 2019 دا لە سوریا ئەو دوو وڵاتە هەناردەکردنی چەکییان بۆ تورکیا قەدەغە کرد.

سەرچاوە/ فڕانس پرێس

XS
SM
MD
LG