Accessibility links

وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا: ئەو باڵۆنە چینیەی کە گومانی سیخوڕیی لێدەکرێت،هیچ زانیاریەکی لە ئەمەریکا کۆنەکردۆتەوە


وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا دەڵێت باڵۆنە سیخوڕییەکەی چین کە لە ماوەی ڕابردوودا لەم ساڵدا بەسەر ئەمەریکادا فڕی و دواتر خرایە خوارەوە، هیچ زانیارییەکی کۆنەکردۆتەوە.

وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا جەنەڕاڵ پات ڕایدەر بە ڕۆژنامەنووسانی وت " بە هەڵسەنگاندنی ئێمە باڵۆنەکە لە کاتێکدا کە بەسەر ئەمەریکادا فڕیوە زانیاریی کۆنەکردۆتەوە."

جێی ئاماژەیە باڵۆنەکە بۆ ماوەی هەفتەیەک بەسەر ئاسمانی ئەمەریکا و کەنەدادا فڕی، دواتر سوپای ئەمەریکا لەسەر فەرمانی سەرۆک بایدن خستییە خوارەوە.

چیرۆکی ئەم باڵۆنە پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و چینی هێندەی تر ئاڵۆزتر کرد و سەردانی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکای بۆ چین بە مەبەستی چاککردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات، چوار مانگ دواخست.

باڵۆنەکە کاردانەوەی توندی حکومەتی ئەمەریکا و ناڕەزایەتیی ئەندامانی کۆنگرێس بەتایبەتی پارتی کۆمارییەکانی لێکەوتەوە.

لە بەیاننامەیەکدا کە تۆنەکەی تاڕادەیەک بە "ئاشتەوایی" وەسف کرا، وەزارەتی دەرەوەی چین ئەو باڵۆنەی وەک "کەشتییەکی ئاسمانی مەدەنی" بۆ لێکۆڵینەوەکانی کەشناسی ناوبردبوو.

دوای چەند مانگێک هێشتا لێدوانی ئەمەریکا و چین لەسەر ئەم بابەتە بەردەوامە.

لە دوایین حاڵەتدا، چەند ڕۆژ پیش ئێستا جۆو بایدن سەرۆکی چینی بە "دیکتاتۆر" ناوبرد و ڕایگەیاند، شی جینپینگ لە گرژییەکانی ئەم دواییە سەبارەت بە باڵۆنە چینییەکە گومانی ئەوەی لێدەکرێت سیخوڕێک بووبێت کە لەلایەن هێزی ئاسمانی ئەمەریکاوە خرایە خوار، "شەرمەزارە".

لە بەرامبەردا پەکین لێدوانەکانی سەرۆکی ئەمەریکای بە "زۆر بێمانا و نابەرپرسانە" ناوبرد.


سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG