Accessibility links

ژمارەیەک سیناتۆری ئەمەریکایی هەوڵی ڕاگرتنی فرۆشتنی چەک بە سعودیـیە و ئیمارات دەدەن


ژمارەیەک سیناتۆری کۆماری و دیموکرات لە ئەنجومەنی سیناتی ئەمەریکا ڕێکەوتن لەسەر هەوڵدان بۆ ڕاگرتنی کۆمەڵێک گرێبەستی فرۆشتنی چەک بە عەرەبستانی سعودیـیە و ئیمارات، سەرەڕای ڕەزامەندی سەرۆک ترامپ لەسەر جێبەجێکردنی ئەو گرێبەستانە.

بەڕێوەبەرایەتی سەرۆک ترامپ لە کۆتایی مانگی پـێنج دەسەڵاتەکانی خۆی بەکارهێنا لە خۆلادان لە وەرگرتنی مۆڵەتی کۆنگرێس بۆ جێبەجێکردنی 22 گرێبەستی فرۆشتنی چەک بە سعودیـیە و ئیمارات بە بەهای 8.1 ملیار دۆلار.

ژمارەیەک لە یاسادانەرانی ئەمەریکا کە چەند یاسادانەرێکیشیان هاوپەیمانی نزیکی سەرۆک ترامپـن، نیگەرانی خۆیان لەم بارەیەوە دەربڕیوە، دەڵێن مەترسیان هەیە ئەو چەکانە لە دژی خەڵکی سیڤیل لە یەمەن بەکاربهێنرێن.

هەروەها هەندێکیان توڕەیی خۆیان نیشان دا لە بەرامبەر شازادە محەمەد بن سەلمان بەهۆی کوشتنی ڕۆژنامەوان جەمال خاشقچی لە کۆنسوڵخانەی سعودیـیە لە ئستەنبوڵ لە مانگی دەی ساڵی ڕابردوو.

حەوت ئەندامی ئەنجومەنی سینات، لەوانە سیناتۆری کۆماری لینزی گراهام کە زۆر نزیکی سەرۆک ترامپە، 22 پـرۆژە بڕیاریان ئامادەکردووە بە ئامانجی ڕاگرتنی تەواوی 22 گرێبەستەکە.

لینزی گراهام گوتی"هەرچەندە لەوە تێدەگەم عەرەبستانی سعودیـیە هاوپەیمانێکی ستراتیژیـیە، بەڵام ناکرێت ڕفتارەکانی محەمەد بن سەلمان پشتگوێ بخەین. ناكرێت وەها ڕەفتار بکەین وەک هیچ شتێک لەگەڵ سعودیـیەدا ڕووی نەدابێت." داوای لە ئەندامانی ئەنجومەنی سینات کرد لە هەردوو پارتی کۆماری و دیموکرات پشتیوانی لە پـرۆژە بڕیارەکان بکەن.

سیناتۆر بۆب مێنیندێزی دیموکرات ئەویش لای خۆیەوە گوتی" هەوڵەکانی بەڕێوەبەراتی سەرۆک ترامپ بۆ فرۆشتنی چەکی ئەمەریکایی بە ملیاران دۆلار بە سعودیـیە و ئیمارات، نمونەیەکی نوێـیە بۆ خواستی بەڕێوەبەرایەتی ئەمەریکا لە خۆلادان لە کۆنگرێس و بە هەند وەرنەگرتنی مافەکانی مرۆڤ."

گوتیشی تەنانەت ئەگەر ئەو پـرۆژە بڕیارانە لە کۆنگرێسیش پەسەندبکرێن، سەرۆک ترامپ دەتوانێت ڤیتۆیان بکات، وە ناشکرێت ڤیتۆکەی سەرۆک ڕابگیرێت مەگەر دوو لەسەر سێی هەردوو ئەنجومەنی نوێنەران و سینات دەنگ بدەن بۆ پـوچەڵکردنی ڤیتۆکە.

جێی ئاماژەیە سەرۆک ترامپ لە مانگی چوار پـرۆژە بڕیارێکی ڤیتۆ کرد کە داوای ڕاگرتنی پشتیوانی لەشکری ئەمەریکای بۆ سعودیـیە دەکرد لە شەڕی یەمەن.

XS
SM
MD
LG