Accessibility links

ئەمەریکا لەسەر کوشتنەکەی جەمال خاشقچی سزا بەسەر17 سعودی دەسەپـێنێت


ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا سزای سەپاند بەسەر 17 سعودی کە تاوانبارن بە کوشتنی جەمال خاشقچی نووسەر و ڕۆژنامەوانی سعودی، ئەوەی سەرەتای مانگی دە لە کونسوڵخانەی وڵاتەکەی لە ئستەنبوڵ بێ‌سەروشوێن بوو.

هەردوو وەزارەتی خەزینە و دەرەوەی ئەمەریکا ناوی 17 کەسەکەیان ئاشکراکرد، لەوانە سعود ئەلقەحتانی ڕاوێژکاری پـێشووی محەمەد بن سەلمان جێنشینی عەرەبستانی سعودیـیە و محەمەد ئەلعوتەیبی کونسوڵی سعودیـیە لە ئستەنبوڵ و ماهر ئەلموترب ئەفسەری پـێشووی دەزگای هەواڵگری سعودیـیە.

سزاکان بەپـێی یاسای GLOBAL MAGNITSKY سەپێندراون، ئەوەی پەیوەستە بە پـێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ. بەمەش هەرچی سەروەت و سامانێکیان لە ئەمەریکادا هەبێت سڕدەکرێن و هەروەها نابێت هیچ ئەمەریکایـیەک مامەڵەیان لەگەڵدا بکات، تەنانەت لەو موڵکانەشی هەتا ڕێژەی 50%ی بە ناوی ئەو تاوانبارانەوەبن.

وەزارەتی خەزێنە لە ڕاگەیاندنەکەی دەڵێت سعود ئەلقەحتانی کە کاربەدەستێکی باڵایە لە حکومەتی سعودیـیە یەکێک بووە لەوانەی بەرپـرسبووە لە دانان و جێبەجێکردنی پـلانی کوشتنی خاشقچی لە کونسوڵخانەی سعودیـیە لە ئستەنبوڵ لە ڕێکەوتنی 2 ی مانگی دەی ساڵی 2018.

دەشڵێت ماهر موتریب پـلانەکەی جێبەجێکردووە و بە لایەنی کەم 14 کارمەندی دیکەی حکومەتی سعودیـیە تیایدا بەشداربوون، و محەمەد ئەلعوتەیبی کونسوڵی کونسوڵخانەی سعودیـیە لە ئستەنبوڵ سەرپەرشتی کوشتنەکەی کردووە.

XS
SM
MD
LG