دەزگای هەواڵی سعودیە بڵاویکردەوە شازادەی جێنشینی سعودیە محەمەد بن سەلمان و ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی کۆشکی سپی جەیک سۆلیڤان بە مەبەستی تاوتوێکردنی دەقی ڕێککەوتنەکەی نێوان واشنتن و ڕیاز کۆبوونەتەوە.
دەزگای هەواڵی سعودیە وتی لە کۆبوونەوەکەدا لە شاری دەهرانی سعودیە پێداوچوونەوە کراوە بە "وەشانی پێش کۆتایی دەقی ڕێککەوتنە ستراتیژییەکانی نێوان دوو وڵاتەکەدا، کە خەریکە تەواو دەبێت."
گفتوگۆکان لە نێوەندی ئەو هەواڵانەدا دێن کە باس لەوە دەکەن ئەمەریکا و سعودیە نزیک بوونەتەوە لە ڕێککەوتنێک کە تێیدا ئەمەریکا گرەنتی ئاسایش دەدات بە سعودیە و یارمەتی ئەو وڵاتە دەدات لە پەرەپێدان بە ئەتۆمی سڤیل، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی کە ڕێککەوتنی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئیسڕائیل و سعودیە کە بە " ڕێککەوتنی گەورەی " ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناسراوە، هێشتا زۆر دوورە.
هەروەها وتی سۆلیڤان و شازادەی جێنشین باسییان لە پێویستییەکانیش کردووە بۆ دۆزینەوەی "ئاڕاستەیەکی گونجاو سەبارەت بە خستنەوەی چارەسەری دوو دەوڵەت بۆ ئیسڕائیل و فەلەستینییەکان و وەستاندنی جەنگەکە دژی حەماس و کارئاسانیکردن بۆ چوونە ناوەوەی یارمەتییە مرۆییەکان بۆ ناو غەززە."
ڕۆژی هەینی کۆشکی سپی وتی سۆلیڤان سەردانی سعودیە و ئیسڕائیل دەکات بۆ تاوتوێکردنی پرسەکانی نێوانییان و هەروەها پرسەکانی ناوچەکەش، لەوانەش غەززە و هەوڵەکان بۆ گەیشتن بە ئاسایش و ئاشتییەکی هەمیشەیی لە ناوچەکەدا.
سعودیەی گەورەترین هەناردەکاری نەوت، بەربژێرێکی دیار نیە بۆ ڕێککەوتنێکی ئەتۆمی کە ئامانج لێی دروستکردنی وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبایە.
بەڵام سعودیە هەوڵی بەرهەمهێنانی وزەیەکی نوێکراوەی بەرچاو و و کەمکردنەوەی دەردانی گازی ژەهراوی دەدات، ئەوەش بەپێی پلانێکی گەورەی درێژخایەن، لەکاتێکدا ڕەخنەگران دەڵێن ڕەنگە ڕیاز شارەزایی ئەتۆمی بوێت ئەگەر ڕۆژێک لە ڕۆژان بیەوێت چەکی ئەتۆمی بە دەست بهێنێت.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز