Accessibility links

پەمپیۆ: ڕابەرانی سعودیە جەختیان لەوە کردەوە سزای بکوژانی خاشقچی بدەن


وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا مایک پەمپیۆ وتی پاشای سعودیە سەلمان بن عەبدولعەزیز و شازادەی جێگرەوەی سعودیە محەمەد بن سەلمان جەختیان لەوە کردۆتەوە هەموو ئەو کەسانەی بەرپرس بوون لە کوشتنی ڕۆژنامەنووسی سعودی جەمال خاشقچی لێپێچینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت، ئەمەش لە هەوڵێکی ڕیازدا بۆ کۆتایی هێنان بەو قەیرانە سیاسییە گەورەیەی ڕووبەڕووی بۆتەوە.

پەمپیۆ بە ڕۆژنامەنووسانی وت لەمیانەی کۆبوونەوەکەیدا لەگەڵ پاشا و شازادەی سعودیەدا کۆمەڵێک بابەتی دیکەی مافەکانی مرۆڤی باس کردووە، لەنێویاندا بابەتی ئەو ئافرەتە چالاکەوانانەی مافی مرۆڤ کە چەند مانگێکە دەستگیرکراون و هەندێکیان ڕووبەڕووی ئەشکەنجە بوونەتەوە.

جێی ئاماژەیە لە مانگی 10ی ساڵی ڕابردوودا ڕۆژنامەنووسی سعودی جەمال خاشقچی لەناو کونسوڵخانەی سعودیەدا لە ئیستەنبوڵ کوژرا، بەهۆی ئەمەشەوە ڕەخنەیەکی زۆر لە شازادەی جێگرەوەی سعودیە گیرا و بووە هۆی توڕەبوونێکی نێودەوڵەتی. کوژرانی خاشقچی وایکرد وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا سزا بسەپێنێت بەسەر 17 هاوڵاتی سعودیدا و لە هەمان کاتیشدا ئەنجومەنی سیناتی ئەمەریکا لۆمەی شازادە محەمەد بن سەلمانیان کرد و بە تۆمەتباریان زانی لە کوشتنی خاشقچیدا.

هەروەها لە دەرەنجامی هەڵسەنگاندنەکانی دەزگای هەواڵگری ناوەندی ئەمەریکادا لۆمەی شازادە محەمەد کراوە و تیایدا هاتووە دەڵێت فەرمانی کوشتنەکە ئەو دەریکردووە. بەرپرسانی سعودیش ئەوە ڕەت دەکەنەوە.

لە دۆسییەی کوژرانی خاشقچیدا ئێستا بەلایەنی کەمەوە 21 سعودی لەژێر لێکۆڵینەوەدان و پێنج کەسیان ڕووبەڕووی سزای لەسێدارەدان بوونەتەوە، ئەمەش لەکاتێکدا ڕیاز پێنج بەرپرسی باڵای لەکارەکانیان دوورخستۆتەوە کە لەنێویاندا ڕاوێژکاری باڵای پاشای تێدایە.

پەمپیۆ وتی " هەردووکیان جەختیان لەسەر گرنگی لێپێچینەوە کردۆتەوە، باسیان لەو لێکۆڵینەوانە کردووە کە ئێستا دەکرێت لە وڵاتەکەیاندا."

وتیشی جەختیان لەوە کردۆتەوە کە پابەندن بە بە دەستهێنانی ئامانجەکەیان، ئەو پێشبینیانەی کە ئێمە بۆمان دیاریکردوون."

بابەتی کوشتنی خاشقچی زیانی بە پێگە و ناوبانگی شازادەی جێگرەوەی سعودیە گەیاند لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و بووە هۆی تێکچوونی پەیوەندییەکانی لەگەڵ هاوپەیمانە ڕۆژئاواییەکانیدا، هەروەها تیشکی خستە سەر ئەو ڕێوشوێنانەی کە سعودیە دەیگرێتەبەر دژی ئۆپۆزسیۆن لە وڵاتەکەدا و هەروەها جەنگی ناوخۆی یەمەن کە تیایدا سعودیە ڕابەرایەتی هاوپەیمانێتییەک دەکات و لە دژی حوثییەکانی یەمەن دەجەنگن.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG