Accessibility links

بەرپرسێکی ئەمەریکی: واشنتن پێی وایە هێرشەکەی سەر سعودیە لە باشووری ڕۆژئاوای ئێرانەوە ئەنجام دراوە


بەرپرسێکی ئەمەریکی بە ڕۆیتەرزی وت ئەمەریکا پێی وایە هێرشەکەی سەر دامەزراوە نەوتییەکانی سعودیە لە باشووری ڕۆژئاوای ئێرانەوە ئەنجام دراوە.

سێ بەرپرسی ئەمەریکا کە نەیان نویست ناویان ئاشکرا بکرێت وتیان هێرشەکەی سەر دامەزراوە نەوتییەکانی سعودیە بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان و موشەکی کروز ئەنجام دراوە.

یەکێک لە بەرپرسەکان وتی کۆکردنەوەی پاشماوەکان لەلایەن سعودیەوە لە دوای هێرشەکە" بەڵگەی حاشا هەڵنەگری تێدا دەبێت و دەردەکەوێت لە کوێوە ئەو هێرشە ئەنجام دراوە."

تیمێکی ئەمەریکی یارمەتی سعودیە دەدەن لە هەڵسەنگاندنی ئەو بەڵگانەی کە لە دوای هێرشەکەوە دەستیان کەوتووە.

لەلای خۆیەوە ئێران ڕەتی دەکاتەوە دەستی هەبووبێت لە هێرشەکەدا کە بووە هۆی ڕاگرتنی نیوەی بەرهەمی نەوتی سعودیە.

جێگری سەرۆکی ئەمەریکا مایک پێنس وتی بەڵگەکانی ئەمەریکا دەریدەخەن ئێران لە پشتی هێرشەکەوەیە و ئەمەریکا تەواو لە ئامادە باشیدایە بۆ بەرگریکردن لە بەرژەوەندییەکانی و هاوپەیمانەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

پێنس وتی " ئێمە بەڵگەکان هەڵدەسەنگێنین و لەگەڵ هاوپەیمانەکانماندا وتوێژ دەکەین و سەرۆک دانۆڵد ترامپ لە ڕۆژانی داهاتوودا بڕیار دەدات لەسەر ئەوەی چی بکەین."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG