Accessibility links

ئەمەریکا سزا دەخاتە سەر دەیان دامەزراوە لە چین و ئیمارات و تورکیا بەهۆی هاوکاریکردنی ڕووسیاوە


بەڕێوبەرایەتییەکەی سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن دەڵێت سزای ئابووری نوێی سەپاندووە بەسەر 93 لایەن لە ڕووسیا، چین، تورکیا، ئیماڕات، قیرغیزستان، هیندستان و کۆریای باشوور، ئەوەش لەسەر پشتیوانیکردنییان لە ڕووسیا لە جەنگەکەی لە ئۆکرانیادا.

سزاکەی ئەمەریکا ڕۆژێک پێش دووەمین ساڵیادی داگیرکارییەکەی ڕووسیا دێت لە ئۆکرانیا، ئەوانەشی سزاکانییان بەسەردا سەپێندراوە بریتین لە 63 لایەن لە ڕووسیا و 16 لایەن لە تورکیا و 8 لایەن لە چین و 4 لایەنیش لە ئیماڕات.

ئالن ئێستیڤێز جێگری وەزیری ئابووری ئەمەریکا کە سەرپەرشتی سیاسەتی هەناردەکردنی ئەمەریکا دەکات وتی "دڵگرانین بەوەی کە جەنگی خوێنڕێژی ڕووسیا بەردەوامە و دەبێت بەردەوام بین لە دەرخستنی پابەندبوونمان و پشتیوانیمان بۆ گەلی ئۆکرانیا."

تاوەکو ئێستا 900 لایەن بەهۆی داگیرکارییەکەی ڕووسیاوە لە ئۆکرانیا سزای ئەمەریکایان بەسەردا سەپێندراوە، ڕێوشوێنەکەی ئەمەریکا نوێترین خولی سزاکانی ئەمەریکا و هاوبەش و هاوپەیمانەکانن وەکو وەڵامێک بۆ جەنگەکەی ڕووسیا لە ئۆکرانیا.

لە هەمان کاتیشدا ئەمەریکا سزای بەسەر 500 لایەنی دیکەشدا سەپاندووە لەسەر جەنگەکەی ڕووسیا و مەرگی ڕابەری ئۆپۆزسیۆنی ڕووسیا ئالێکسی ناڤاڵنی.

لە ماوەی ڕابردوودا یەکێتی ئەوروپا خولی سیانزەهەمینی سزاکانی دژی ڕووسیا پەسەند کرد، نزیکەی 200 کەس و لایەنی قەدەغە کرد کە بە تۆمەتی یارمەتیدانی ڕووسیا لە پەیداکردنی چەک یاخود تێوەگلانییان لە ڕفاندنی منداڵانی ئۆکرانیاییدا تۆمەتبار کراون.

وەزارەتی ئابووری ئەمەریکا وتی لەو 93 لایەنەی کە سزایان بەسەردا سەپێندراوە، هەندێکییان ئەو کۆمپانیایانە بوون کە کەلوپەلی مایکرۆئەلیکترۆنی کۆنتڕۆڵکراوییان گواستووەتەوە بۆ بەرپرسانی هەواڵگری و سەربازیی ڕووسیا. ئەوانی دیکەش چەکی ئەمەریکاییان پەیدا کردووە و یارمەتی ڕووسیایان داوە لە نوێکردنەوەی تەقەمەنییەکانی و کەلوپەلە سەربازییەکانی دیکەیدا.

کۆمپانییا کرینۆفیست ئەڤییەشن کە بنکەکەی لە ئیماڕاتە و پارچەی یەدەگ بۆ فڕۆکەکان دابین دەکات، یەکێکە لەو کۆمپانیایانەی کە ئەمەریکا سزای بەسەردا سەپاندووە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG