Accessibility links

نوێنەری ئەمەریکا: سزاکانی سەر ئێران سوودیان هەبووە


نوێنەری تایبەتی ئەمەریکا بۆ ئێران برایان هوک

نوێنەری تایبەتی ئەمەریکا بۆ ئێران برایان هوک وتی سیاسەتی وڵاتەکەی بەرامبەر ئێران کە سەپاندنی توندترین فشاری ئابوورییە بۆ سەر ئەو وڵاتە سوودی هەبووە، هۆشیاریشیدا لەوەی سزاکانی ئەمەریکا مافی ئەوە نادەن بە ئێران بەرپرسیارێتیەکانی لە ڕێکەوتنە ناوەکییەکەدا پێشێل بکات.

نوێنەری تایبەتی ئەمەریکا بۆ ئێران برایان هوک لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ڕۆیتەرز وتی " ئێمە پابەندین بەو سیاسەتەوە کە تیایدا توندترین فشاری ئابووری بەکارهێندراوە چونکە سەرکەوتووە، ئەوە وا لە ئێران دەکات ئەو پارەیەی دەست نەکەوێت کە پێشتر دەستی کەوتووە."

ئەم لێدوانەی هوکیش پێش کۆبوونەوەکەی هات لەگەڵ دیبلۆماتکارانی باڵای فەڕەنسا و بەڕیتانیا و ئەڵمانیادا کە تیایدا هەوڵ دەدات باوەڕیان پێبهێنێت کە ئەم سیاسەتەی ئەمەریکا تەنها ڕێگەیە بۆ ئەوەی ئێران ناچار بکەن بگەڕێتەوە سەر مێزی گفتوگۆکان.

ئەم کۆبوونەوەیەش لەکاتێکدا دێت ئێران نزیک دەبێتەوە لەوەی ئەو ڕێژە یۆرانیۆمە پیتێنراوەی لە کۆگاکانیدا هەیە و بەپێی ڕێکەوتنە ناوەکییەکە بۆی دیاریکراوە، تێپەڕ بکات.

لە وەڵامیدا بۆ ئەگەری ئەوەی ئێران ڕێکەوتنەکە پێشێل بکات، هوک وتی سزا دەبێت چونکە سەرەڕای ئەوەی ئەمەریکا لە ساڵی 2018 دا لە ڕێکەوتنەکە کشایەوە و سزاکانی سەپاندەوە بەسەر تاراندا، ئەمە هۆکارێک نیە بۆ تاران تاوەکو ڕێکەوتنەکە پێشێل بکات.

وتیشی " سزاکانمان مافی ئەوە نادەن بە ئێران تاوەکو بەرنامە ناوەکییەکەی خێرا بکات. هەرگیز نابێت ئێران لە دەستکەوتنی بۆمبی ناوەکیی نزیک ببێتەوە، لەنزیکەوە چاودێری ئەوە دەکەین."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG