Accessibility links

ئەمەریکا سزا بەسەر وەزیری بەرگری کوبادا دەسەپێنێت


ئەمەریکا ڕایگەیاند سزای سەپاندووە بەسەر وەزیری بەرگری و لقێکی وەزارەتی ناوخۆی کوبادا، ئەوەش بەهۆی سەرکوتکردنی خۆپیشاندانە هێمنەکانەوە، سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدنیش وتی " ئەمە تەنها سەرەتایەکە " لە گرتنەبەری ڕێوشوێنەکان دژی هاڤانا.

وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا وتی ئۆفیسی کۆنتڕۆڵکردنی سەرمایە بیانیەکانی سەر بە وەزارەتەکە سەرمایەی وەزیری بەرگری کوبا ئەلڤارێز لۆپێز مێرا و لیوای تایبەتی نیشتیمانی کوبای سڕکردووە، ئەو لیوایەش لقێکی وەزارەتی ناوخۆی کوبایە. هۆکاری سەپاندنی سزاکەشی گەڕاندەوە بۆ سوکایەتیکردن بە مافەکانی مرۆڤەوە لەمیانەی سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکان لە سەرەتای مانگی حەوتدا.

ماوەیەکی کورت دوای ڕاگەیاندنی سزاکان، بایدن لە بەیاننامەیەکدا وتی " ئەمە تەنها سەرەتایە، ئەمەریکا بەردەوام دەبێت لە سەپاندنی سزا بەسەر ئەو کەسانەدا کە بەرپرسن لە سەرکوتکردنی گەلی کوبا."

بایدن وتی بەڕێوبەرایەتیەکە لۆپێز مێرا و لیوای تایبەتی نیشتیمانی کوبای کردۆتە ئامانج کە هێزێکی تایبەتە و " سەرپەرشتی سەرکوتکردنی " خۆپیشاندەرەکانی کوبای کردووە کە دژی حکومەت ڕژانە سەر شەقامەکان و ناڕەزاییان دەربڕی.

بایدن وتی " لەکاتێکدا ئێمە ڕژێمی کوبا بە بەرپرس دەزانین، پشتیوانیەکانمان بۆ گەلی کوبا جێگیرە."

وتیشی واشنتن لەگەڵ هاوبەشەکانی لە ناوچەکەدا کار دەکات تاوەکو " فشار بخاتە سەر ڕژێمەکە بەزووترین کات ئەو زیندانییە سیاسییانە ڕزگار بکات کە بە هەڵە دەستبەسەرکراون، هەروەها هێڵەکانی ئینتەرنێت بکاتەوە و ڕێگە بە گەلی کوبا بدات خۆشی لە مافە بنچینەییەکانیان وەرگرن."

بەگوێرەی وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا، سزاکان سڕکردنی سەرجەم سەرمایە و بەرژەوەندییەکانی لۆپێز مێرا و لیوای تایبەتی نیشتیمانی کوبا لە ئەمەریکا دەگرێتەوە، هەروەها لەسەر هەر کەس و لایەنێکی ئەمەریکی قەدەغە دەکات مامەڵەی ئابوورییان لەگەڵدا بکەن.

جێی ئاماژەیە لە 11 و 12 ی مانگی حەوتدا هەزاران هاوڵاتی کوبا ڕژانە سەر شەقامەکانی 40 شاری وڵاتەکە و هاواری " ئازادیی و ڕووخانی دیکتاتۆرییەتیان " دەکرد و دەیانوت " ئێمە برسین."

لە سەرەتای خۆپیشاندانەکانەوە دژی قەیرانی ئابووری لە کوبا، کەسێک گیانی لەدەستداوە و زیاتر لە 100 کەسی دیکە دەستگیرکراون.

بەگوێرەی وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا، وەزارەتی بەرگری کوبا و هێزەکانی ئاسایش هێرشیان کردۆتە سەر خەڵکەکە و " زیاتر لە 100 خۆپیشاندەرییان دەستگیرکردووە یاخود بێسەروشوێنیان کردوون، ئەوەش لە هەوڵەکانیاندا بۆ سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکان."

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG