Accessibility links

ئەمەریکا وابەستەیی خۆی بە پەیماننامەی INF ی لەگەڵ ڕووسیا هەڵدەپەسێرێت


سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دەڵێت ڕووسیا لە مێژەوە پەیماننامەی INFی پـێشێلکردووە، ئەوەی لە ساڵی 1987 وە لەگەڵیدا مۆرکرابوو بە ئامانجی کەمکردنەوەی موشەکە ناوکیـیە مامناوەندیـیەکان لە عەمبارەکانی هەردوو وڵات لە ئەوروپا.

سەرۆک ترامپ ئەمڕۆ هەینی لە بەیاننامەیەکدا کە لەسەر ماڵپەڕی کۆشکی سپی بڵاوکراوەتەوە گوتیشی مۆسکۆ بە نهێنی پەرە بە سیستەمی موشەکی خۆی دەدات، ئەمەش جێی هەڕەشەی ڕاستەوخۆیە بۆ هاوپەیمانانمان و هێزەکانمان لە دەرەوە.

هەورەها گوتی لە سبەینێوە ئەمەریکا وابەستەیـیەکانی بە پەیماننامەی INF هەڵدەپەسێرێت و پـرۆسەی کشانەوە لە پەیماننامەکە دەستپـێدەکات و لە ماوەی شەش مانگدا بە کۆتایی دەگات، ئەگەر ڕووسیا وابەستەی پەیماننامەکە نەبێتەوە و هەموو ئەو موشەک و سەکۆی موشەک و ئامێرانەی دروستیکردوون، ئەوانەی پەیماننامەکە پـێشێلدەکەن لەناونەبات.

سەرۆک ترامپ باسی لەوەش کرد هاوپەیمانانی ئەمەریکا لە ناتۆ بە تەواوی لەم هەنگاوەدا پشتیوانی واشنتن دەکەن، چونکە هەست بە مەترسیـیەکانی پـێشێلکردنی پەیماننامەکە لەلایەن مۆسکۆوە.

سەرۆکی ئەمەریکا دووپاتیشی کردەوە وڵاتەکەی بۆ ماوەی زیاتر لە 30 ساڵە پابەندی پەیماننامەکە بووە، بەڵام گوتیشی لە بەرامبەر پـێشێلکاریـیەکانی ڕووسیا ئەمەریکا هەروا دەستەوەستان نابن، بەڵکو پەرە بە توانا لەشکریـیەکانی دەدات و لەگەڵ هاوپەیمانانی لە ناتۆ و هاوبەشەکانی دیکەی کاردەکات بۆ ڕێگەگرتن لەوەی ڕووسیا هیچ تایبەتمەندیـیەکی لەشکری نەبێت لە ئاکامی ڕەفتارە نایاسایـیەکانی.

لە کۆتایی بەیاننامەکە، سەرۆک ترامپ جەختی کردەوە واشنتن ئامادەیە دانوستاندن لەگەڵ مۆسکۆدا بکات بە ئامانجی دانانی سنوورێک بۆ پـڕچەککردن، وە پاش گەیشتن بە ڕێکەوتنێک دەکرێت پەیوەندیـیەکی تایبەت لە نێوان هەردوو وڵاتدا بێتە ئاراوە لە بوارەکانی ئابوری و بازرگانی و سیاسی و لەشکری. گوتی ئەمە قازانجی هەردوو وڵات و هەروەها جیهانیشی تێدایە.

پـێشتر مایک پەمپـێیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە 4 ی مانگی دوازدە گوتی واشنتن لە ماوەی 60 ڕۆژدا لە پەیماننامەکە دەکشێتەوە ئەگەر مۆسکۆ بەردەوامبێت لە پـێشێلکردنی ڕێکەوتنەکە و سیستەمە نوێـیەکەی بە ناوی Novator 9M729 نەکشێنێتەوە.

موشەکی Novator 9M729 ی ڕووسی
موشەکی Novator 9M729 ی ڕووسی

بەڕێوەبەرایەتی سەرۆک ترامپ دەڵێت ڕووسیا لە ساڵی 2014 وە پەیماننامەکەی پـێشێلکردووە و هەروەها یەکێتی ئەوروپاش دەڵێت مۆسکۆ پابەندی ڕێکەوتنەکە نەبووە.

هایکۆ ماس وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا کە لە ماوەی چەند هەفتەی ڕابردوو هەر بە ڕێی مۆسکۆ و واشنتن بوو بە ئامانجی هێشتنەوەی پەیماننامەکە، ئەمڕۆ هەینی لە بوخارستی پایتەختی ڕۆمانیا گوتی ڕووسیا بە کردەوە پەیماننامەکەی پـوچەڵکردووە، وە هەموو ئەو هەوڵانەی لە ماوەی 60 ڕۆژی ڕابردوودا دران بۆ هێشتنەوەی ڕێکەوتنەکە هیچ ئاکامێکیان نەبوو.

بەپـێی پەیماننامەکە کە لە لایەن ڕۆناڵد ڕێگن سەرۆکی پـێشووی ئەمەریکا و میخائیل گۆرباچێڤ سەرۆکی ئەو سەردەمەی سۆڤێت مۆرکرا، سنوورێک بۆ دانانی موشەکی مەودای نێوان 500 هەتا 5500 کیلۆمەتر لە ئەوروپا دانرا. ڕێکەوتنەکە ئەو موشەکانە ناگرێتەوە کە لە دەریاوە هەڵدەدرێن.

بەپـێی پەیماننامەکە کە لە لایەن ڕۆناڵد ڕێگن سەرۆکی پـێشووی ئەمەریکا و میخائیل گۆرباچێڤ سەرۆکی ئەو سەردەمەی سۆڤێت مۆرکرا، سنوورێک بۆ دانانی موشەکی مەودای نێوان 500 هەتا 5500 کیلۆمەتر لە ئەوروپا دانرا. ڕێکەوتنەکە ئەو موشەکانە ناگرێتەوە کە لە دەریاوە هەڵدەدرێن.

XS
SM
MD
LG