Accessibility links

کاربەدەستێکی باڵای ئەمەریکا: بەم زووانە لێکۆڵینەوەکانی پەیوەست بە دەستێوەردانی ڕووسیا لە هەڵبژاردنەکان تەواو دەبێت


دوێنێ دووشەممە بریکاری وەزیری دادی ویلاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا " ماثیو ویتەکەر" گوتی؛ بڕوای وایە لێکۆڵینەوەکەی لێکۆڵەری تایبەت " رۆبرت مولەر" لەسەر دەستێوەردانی ڕووسیا لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمەریکای ساڵی 2016 و هەروەها شیانی پەیوەندی ژێربەژێری لەگەڵ هەڵمەتی سەرۆکایەتی دانۆڵد ترامپ، بەم زووانە تەواو دەبێت.

لە میانەی کۆنفرانسێکی هەواڵی لە واشنتن ماثیۆ ویتەکەر گوتی" بە بڕوای من پرۆسەی لێکۆڵینەوەکە لە تەواوبووندایە و هیواخوازیشم بە خێرایی ئەنجامی ئەو لێکۆڵینەوەیە لە رۆبەرت مولەر وەربگرین."

ئەوەی جێی ئاماژەیە لە مانگی یازدەی ساڵی پارەوە ماثیو ویتەکەر پۆستی بریکاری وەزیری دادی بەڕێوەبردووە ، دوای ئەوەی سەرۆک دانۆڵد ترامپ " جێف سێشنز" ی لە پۆستەکەی لادا. سەرۆک ترامپ بەردەوام گازندەیکردبوو لەوەی کە جێف سێشنزی وەزیری داد خۆی بەدوور راگرتبوو لە لێکۆڵینەوەکەی پەیوەست بە دەستوەردانی رووسیا لە هەڵمەتی سەرۆکایەتی ساڵی 2016 دا ، بەڵام بریکاری وەزیری داد ماثیو ویتەکەر خۆی لەو کارە بەدوور رانەگرتووە ئەمەش وێڕای ئەوەی کە دەگوترا ویتەکەر بۆیە ئەرکی لێکۆڵینەوەکەی گرتووەتە ئەستۆ چونکە ناوبراو پێشتر رەخنەی لە شێوازی لێکۆڵینەوەکەی پەیوەستی رۆبەرت مولەر گرتبوو.

"ولیەم بار" وا چاوەڕوانی ئەنجامدانی دەنگدانێکە بۆ دەستنیشانکردن و گرتنە دەستی پۆستی وەزارەتی دادی ویلاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و ناوبراو لە میانەی تاوتوێکردنی بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزیری داد، پەیمانیدا کە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکەی رۆبەرت مولەر ئاشکرا بکات. هەتا ئێستا لێکۆڵینەوەکەی رۆبەرت مولەر تاوانبارکردن یان دانان بە تاوانی 34 کەس و 3 کۆمپانیای لێکەوتووەتەوە.

XS
SM
MD
LG