Accessibility links

ئەمەریکا پـێدانی ڤیزا لە ڕووسیا ڕادەگرێت


باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە مۆسکۆ ڕاگەیاند هەموو کارەکانی پـێدانی ڤیزای لە ڕووسیا ڕادەگرێت، ئەمەش بەهۆی کەمی ژمارەی کارمەندەکانی لەو وڵاتە.

باڵیۆزخانەکە ئەمڕۆ دووشەممە لە بەیانـنامەیەکدا لەسەر ماڵپەڕەکەی ئەمەی ڕاگەیاند و تیایدا دەڵێت لە ڕۆژی چوارشەممەی ڕێکەوتی 23 ی مانگی هەشت هەموو پـێدانی ڤیزایەک ڕادەگیرێت، و لە 1 ی مانگی نۆیەوە کارەکان تەنها لە مۆسکۆی پایتەخت دەسـتپـێدەکەنەوە، بەڵام لە کونسوڵخانەکانی لە چەند شارێـک هەن هەر بە ڕاگیراوی دەمێنـنەوە.

ئەمەریکا جگە لە مۆسکۆ لە شارەکانی سان پیتەرسبێرگ و ئیکاتیرنبێرگ و ڤلادیڤۆستۆک کونسوڵخانەی هەیە و تەنها لە ساڵی 2016 زیاتر لە 190 هەزار ڤیزایان داوە بە هاوڵاتیانی ڕووسی.

دەسەڵاتدارانی ڕووسیا مانگی ڕابردوو داوایان لە واشنتن کرد ژمارەی دیپـلۆماتەکانی لە وڵاتەکەی بۆ 455 کارمەند کەمبکاتەوە، واتە بۆ ئاستی ژمارەی کارمەندانی ڕووسی لە ئەمەریکا.

ئەم بڕیارەی مۆسکۆ پاش ئەوە هات کە کۆنگرێسی ئەمەریکا ژمارەیەک سزای بەسەر ڕووسیادا پەسەندکرد بەهۆی دەسـتێوەردانی مۆسکۆ لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2016 ی ئەمەریکا و هەروەها دەستێوەردانی لە کاروباری ئۆکرانیا و لکاندنی دورگەی کریمەی ئۆکرانیا بە وڵاتەکەیەوە.

XS
SM
MD
LG