گەورە کاربەدەستانی زانیاری ئەمەریکا دەڵێن لەو بڕوایەدان دەسەڵاتدارانی باڵای ڕووسیا ڕاستەوخۆ بەرپـرسن هاککردنی کۆمپـیوتەرەکانی کۆمیتەی نیشتیمانی دیموکراتەکان و بردن و بڵاوکردنەوەی بەڵگەنامەکانیان بە مەبەستی دەستێوەردان لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی 2016 ی وڵاتەکە.
جێمس کلاپەر سەرۆکی دەزگاکانی زانیاری نیشتیمانی و مایک ڕۆجەرز سەرۆکی ئاژانسی ئاسایشی نیشتیمانی و مارسێل لێتەر بریکاری وەزیری زانیاری بەرگری ئەمڕۆ پـێنجشەممە لە بەردەم کۆمیتەی هێزە چەکدارەکان لە ئەنجومەنی سینات تێڕوانین و بۆچوونی خۆیان لەم بارەیەوە خستەڕوو. هەرسێکیان هاککردنەکانی ڕووسیایان بە هەڕەشەیەکی گەورە بۆ سەر بەرژەوەندیـیەکانی وڵاتەکە ناودێرکرد و گوتیان " ئێمە پـێمانوایە تەنها گەورە کاربەدەسـتانی ڕووسیا دەسەڵاتی ئەوەیان هەیە ڕەزامەندی بدەن لەسەر بردن و بڵاوکردنەوەی زانیاریـیەکانی پەیوەستن بە هەڵبژاردنەکانی ئەم دوایـیە."
هەرچەندە کاربەدەسـتانی زانیاری ئەمەریکا کۆکبوون لەسەر ئەوەی ڕووسیا لە بردنی بەڵگەنامەکانی کۆمیتەی دیموکراتەکان تێوەگلاوە، بەڵام جێمس کلاپەر گوتی ناتوانرێت بزانرێت بڵاوکردنەوەی ئەو زانیاریـیانە لە لایەن ویکیلیکسەوە هەتا چەند کاریگەریان هەبووە بەسەر هاوڵاتیانەوە لە دەنگدانەکەدا. ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد گۆڕانکاریـیان لە جیاکردنەوەی دەنگەکاندا نەکردووە و هیچ کارێکی دیکەی لەو جۆرەیان ئەنجام نەداوە.
کلاپەر باسی لە وڵاتی چینیش کرد کە لە ڕابردوودا توانیویەتی بە مەبەستی سیخوڕی هاکی حکومەتی ئەمەریکا بکات، هەرچەندە هەوڵەکانی هاککردنی کەمبوونەتەوە لەوەتای هەردوو وڵات ڕێکەوتنێـکیان لە ساڵی 2015 مۆرکردووە بۆ دانانی سنوورێـک بۆ ئەم کارە.
سەرۆک ئۆباما پـێشتر فەرمانی بە دەزگاکانی زانیاری ئەمەریکا کرد پـیاداچوونەوە و لێکۆڵینەوە بکەن تاوەکو بزانن چ دەسـتێوەردانێـکی بیانی هەبووە لەوەتای لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2008 وە بە سەرۆک هەڵبژێردرا و گەیشتە کۆشـکی سـپی.
کلاپەر گوتی سەرۆک ئۆباما پـێنجشەممە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکەی بەدەست گەیشتووە و دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی داهاتوو ئەویش هەمان ئەنجامی بەدەست دەگات. گوتیشی تەواوی ڕاپـۆرتەکە هەفتەی داهاتوو پـێشکەش بە یاسادانەران دەکرێت و پاش ماوەیەکی کورت کۆپـیـیەکی پـوختەکراوی بۆ خەڵکی بڵاودەکرێتەوە.
هەردوو دەزگای CIA و FBI گەیشتنە ئەو ئەنجامەی حکومەتی ڕووسیا لە پشـت هاککردنەکانی 2016 ی وڵاتەکەن و بە مەبەست لە ڕێگەی ویکیلیکسەوە بەڵگەنامەکانیان بڵاوکردووەتەوە هەتا هەڵبژاردنەکان تێـکبدەن.