Accessibility links

ئەمەریکا: هێشتا زووە بزانیت ڕوسیا جددیە لە گفتوگۆکانی ئاسایشدا


وتەبێژی کۆشکی سپی جێن ساکی
وتەبێژی کۆشکی سپی جێن ساکی

کۆشکی سپی دەڵێت " هێشتا زۆر زووە " بزانیت ئایا ڕوسیا جددیە سەبارەت بە چارەسەرکردنی گرژییە ئاسایشیەکان لەناوخۆ و دەوروبەری ئۆکرانیاد یاخود نا.

وتەبێژی کۆشکی سپی جێن ساکی بە ڕۆژنامەنووسانی وت " هێشتا زۆر زووە بزانیت کە ئایا ڕوسییەکان جددین سەبارەت بە ڕێگەی دیبلۆماسی ."

وتیشی " هێشتا دەبێت بزانین کە ئایا ئەوان ئامادەن بۆ گفتوگۆیەکی جددی، ئێمە جددین، یاخود ئایا گفتوگۆکان وەکو پاساوێک بەکاردەهێنن بۆ ئەوەی کە ڕێگەی دیبلۆماسی سوودی نیە یاخود نا."

ڕۆژی چوارشەممە خولی دواتری گفتوگۆکان لەنێوان ڕوسیا و هاوپەیمانێتی ناتۆدا دەبێت، خولی سێیەمیش لەنێوان ڕوسیا و ڕێکخراوی ئاسایش و هاریکاری ئەوروپادا دەبێت و وابڕیارە ڕۆژی پێنجشەممە لە جنێڤ بەڕێوەبچێت.

ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی ئەوروپای هەوڵی ئەوە دەدەن ڕوسیا ناچار بکەن هێزەکانی لەنزیک سنووری ئۆکرانیا بکشێنێتەوە. هاوکات ڕوسیاش کۆمەڵێک داواکاری ئاڕاستەی ئەمەریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا کردووە. یەکێک لە داواکارییەکان ئەوەیە هاوپەیمانێتی ناتۆ ڕێگە نەدات ئۆکرانیا ببێتە ئەندام تیایدا.

ساکی جەختی لەوە کردەوە ئەمەریکا ئەو داواکارییەی ڕوسیای ڕەت کردۆتەوە و وتی " ئەم بابەتە پەیوەندی بە ئۆکرانیا و ئەندامانی هاوپەیمانێتی ناتۆوە هەیە، نەک ئەوەی وڵاتێکی دیکە بڕیاری لەسەر بدات."

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG