Accessibility links

بلینکن لەسەر ئۆکرانیا هۆشداری دەداتە ڕوسیا


وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن هۆشداریدایە ڕوسیا لەسەر " گرتنەبەری هەر ڕێوشوێنێک دژی ئۆکرانیا کە ببێتە هۆی زیادبوونی گرژییەکان." وتیشی " هەر دوژمنکارییەکی نوێ دەرەنجامی گەورەی لێدەکەوێتەوە."

لەمیانەی سەردانەکەیدا بۆ لاتیڤیا و کۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە ئێدگارس ڕینکێڤیکسدا، بلینکن وتی " ئەمەریکا زۆر نیگەرانە سەبارەت بە جموجوڵی هێزە سەربازییەکانی ڕوسیا لەسەر سنووری ئۆکرانیا."

هاوپەیمانێتی ناتۆ کۆبوونەوەیەک ئەنجام دەدات لەسەر زیادبوونی هێزەکانی ڕوسیا لەسەر سنوورەکانی ئۆکرانیا، بلینکن وتی دوابەدوای ئەو ڕاوێژییانە شتی زۆری دەبێت بۆ وتن.

بەر لە کۆبوونەوەکەی ناتۆ، سکرتێری گشتی هاوپەیمانێتی ناتۆ یانس ستۆڵتنبێرگ داوای لە ڕوسیا کرد گرژییەکان لە ناوچەکەدا کەم بکاتەوە.

ستۆڵتنبێرگ وتی " هەر کارێکی دوژمنکارییانەی ڕوسیا لە داهاتوودا دژی ئۆکرانیا باجێکی گەورەی دەبێت و دەرەنجامی سیاسیی و ئابووری خراپی لەسەر ڕوسیا دەبێت."

لەلای خۆیەوە سەرۆکی ڕوسیا ڤلادیمێر پوتن هۆشداریدا و وتی هێزە سەربازییەکەی پێدەچێت ناچار بێت وەڵامی هەوڵەکانی ڕۆژئاوا بداتەوە بۆ فراوانکردنی ژێرخانی سەربازیی ئۆکرانیا، ئەمەش لەحاڵەتێکدا ئەگەر " هێڵە سوورەکان " لەلایەن ناتۆوە ببەزێندرێن.

پوتن وتی " ئەگەر جۆرە سیستمێکی هێرشکردن لەسەر خاکی ئۆکرانیا دەربکەوێت، بهێنە بەرچاوت کاتی گەشتەکەی بۆ مۆسکۆ 7-10 خولەک دەبێت، ئەگەر چەکێکی خێراتر لە خێرایی دەنگ ڕەوانە بکرێت ئەوا تەنها پێنج خولەکی دەوێت."

وتیشی " بۆیە لەو کاتەدا دەبێت شتێک دروست بکەین هاوشێوەی ئەوانە بێت کە بەوشێوەیە هەڕەشەمان لێدەکەن. دەشتوانین ئێستا ئەوە بکەین."

پوتن ئاماژەشی بەوەدا سوپای وڵاتەکەی بە سەرکەوتوویی موشەکێکی خێراتر لە خێرایی دەنگی تاقیکردۆتەوە و لە دەستپێکی ساڵی داهاتووە دەخرێتە کارەوە.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG