Accessibility links

ئەمەریکا لە پەیماننامەی نێودەوڵەتی "ئاسمانی کراوە" دەکشێتەوە


ئەمەریکا لە پەیماننامەی نێودەوڵەتی "ئاسمانی کراوە" کشایەوە، بەهۆی وەک دەڵێت پـێشێلکاری بەردەوامی ڕووسیا بۆ بەندەکانی پەیماننامەکە، کە دەبنە مایەی هەڕەشە بۆ سەر ئەمەریکا و وڵاتانی هاوپەیمانی.

سەرۆک ترامپ ئەمڕۆ پـێنجشەممە بە پەیامنێرانی گوت"پـێموایە پەیوەندی باشمان لەگەڵ ڕووسیادا هەیە، بەڵام ڕووسیا پابەندی پەیماننامەکە نەبووە، بۆیە دەکشێینەوە هەتا ئەو کاتەی پابەند دەبن."

گوتیشی" هەلێکی زۆر باش هەیە بۆ ئەوەی ڕێکەوتننامەیەکی نوێ واژووبکەین یان پـێکەوە کارێک بکەین بۆ گێڕانەوەی ڕێکەوتننامەکە."

پەیماننامەکە کە بە Treaty on Open Skiesناسراوە، لەلایەن سەرۆک دوایت ئایزنهاوەر لە ساڵی 1955 پـێشنیارکرابوو، بەڵام لە ساڵی 1992 واژووکرا و لە ساڵی 2002 کەوتە قۆناغی جێبەجێکردنەوە. بەپـێی ئەم پەیماننامەیە کە 35 وڵات واژوویانکردووە، هەر یەکەیان دەتوانێت فڕۆکەی لەشکری بۆ کاری چاودێری لەشکری بەسەر ئاسمانی وڵاتەکانی دیکەدا بسوڕێنێتەوە.

ئامانج لەم پەیماننامەیە، دروستکردنی متمانەیە لە نێوان ئەو وڵاتانە و کەمکردنەوەی شیانی هەڵگیرساندنی شەڕ لە نێوانیاندا.

ڕووسیا لای خۆیەوە لە زاری ئەلێگزاندەر گروشکۆ جێگری وەزیری دەرەوە گوتی کشانەوەی ئەمەریکا کاریگەری دەبێت بەسەر بەرژەوەندی هەموو وڵاتانی بەشدار لە پەیماننامەکە، ئەوانەی ئەندامی ناتۆن.

گوتوشیەتی هیچ ڕێگریـیەک نیـیە لە بەردەم بەردەوامبوونی وتووێژەکان لە بارەی ئەو بابەتە تەکنیـکیانەی ئەمەریکا دەڵێت پـێشێلکارین لەلایەن ڕووسیاوە.

XS
SM
MD
LG