Accessibility links

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا: هێڵەکانی پەیوەندی نێوان واشنتن و مۆسکۆ بە کراوەیی دەمێننەوە


وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا دەڵێت هێڵەکانی پەیوەندی نێوان واشنتن و مۆسکۆ بە کراوەیی دەمێنـنەوە، ئەمەش تاوەکو بتوانن ئامانجە هاوبەشەکانیان دەسـتنیشان بکەن کە هەرچەندە وەک دەڵێت لە ڕووی پـراکتیکەوە جیاوازن.

ڕێکس تیلەرسن ئەمڕۆ چوارشەممە لە مۆسکۆ لە میانەی کۆبوونەوەی لەگەڵ سێرگێی لاڤرۆڤ هاوتا ڕووسیـیەکەی ئەمەی ڕاگەیاند و گوتی" کۆبوونەوەکانی ئەمڕۆشمان لە ساتێـکی گرنگی پەیوەندیـیەکانماندا ئەنجام دەدرێن تاوەکو جیاوازیـیەکانی نێوانمان بزانین و بۆچی هەن و ڕەنگە چیان لێبکەوێتەوە."

پاشان گوتی پـێویستە ئەمەریکا و ڕووسیا بە ڕاشکاوانە تێڕوانین و ڕاوبۆچوونی خۆیان بخەنە ڕوو تاوەکو پەیوەندیـیەکانی نێوانیان بە ئاڕاستەیەکی باشدا بڕۆن.

سێرگێی لاڤرۆڤ لای خۆیەوە ڕووی دەمی کردە تیلەرسن و گوتی" لە 16 ی مانگی دوو لە شاری بۆن کۆبووینەوە و لەوێ لە هەڵوێسە سەرەکیـیەکانی مۆسکۆ سەبارەت بە مەسەلە نێودەوڵەتیـیەکان و پەیوەندیـیە دووقۆڵیـیەکانی نێوان ڕووسیا و ئەمەریکا ڕوونکردنەوەم پێشکەش کردن."

پاشان گوتی لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوو زۆر لێدوانیان لە واشنتنەوە بیست کە پـرسیاری زۆری لا دروستکردن بەهۆی هەندێک جار بۆچوونی جیاوازیان لە واشنتنەوە گوێ لێبووە.

باسیشی لە هێرشە موشەکیـیەکەی سەر سوریا کرد و گوتی مۆسکۆ لەم بارەیەوە زۆر نیگەران بووە و پـێیوایە نابێت لە داهاتوودا هێرشی لەو جۆرە بکرێتەوە.

هەروەها لاڤرۆڤ جەختی لەسەر گرنگی سەردانەکەی تیلەرسن کردەوە و گوتی لە کاتێکی گونجاودایە تاوەکو بتوانن پێکەوە کاربکەن، بە تایبەتی لە شەڕی دژی تێرۆرزمدا. هیواشی خواست لە کۆبوونەوەکانی ئەمڕۆیاندا لە سیاسەتەکانی بەڕێوەبەرایەتی نوێی ئەمەریکا تێبگەن.

XS
SM
MD
LG