دوابەدوای گفتوگۆکانی جنێڤ لەنێوان بەرپرسانی ئەمەریکا و ڕوسیادا سەبارەت بە ناکۆکییەکانیان لەسەر ئۆکرانیا، دوو وڵاتەکە هیچ ئاماژەیەکیان نەدا لەسەر کەمکردنەوەی ناکۆکییەکانی نێوانیان لەسەر ئۆکرانیا و گفتوگۆ بەرفراوانەکانی دیکە سەبارەت بە ئاسایشی ئەوروپا.
لە گفتوگۆکاندا مۆسکۆ دووبارە جەختی لە داواکانی لە ڕۆژئاوا کردەوە و واشنتنیش دەڵێت ناتوانێت داواکان پەسەند بکات.
ڕوسیا ژمارەی هێزەکانی لەسەر سنووری ئۆکرانیا زیادکردووە و هاوکات داواش لە هاوپەیمانێتی ناتۆش دەکات بەرەو ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا فراوان نەبێت و چالاکییە سەربازییەکانی لەو وڵاتانەدا ڕابگرێت کە پێشتر سەر بە یەکێتی سۆڤیەت بوون.
جێگری وەزیری دەرەوەی ڕوسیا سێرگەی ڕیابکۆڤ بە ڕۆژنامەنووسانی وت " بەداخەوە ناکۆکییەکی گەورەمان هەیە سەبارەت بە هەوڵەکانمان بۆ ئەم بابەتە. ئەمەریکا و ڕوسیا لە هەندێک بابەتدا کە دەبێت جێبەجێ بکرێن بۆچوونی پێچەوانەیان هەیە."
لەلایەکی دیکەوە جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ویندی شێرمان وتی " هەڵوێستمان جێگیر بوو، پێشنیارەکان پەسەند ناکەین کە شتێکی سەرەتایی نین بۆ ئەمەریکا."
ئەمەریکا و ئۆکرانیا دەڵێن ڕوسیا 100,000 سەربازی لەنزیک سنوورەکانی ئۆکرانیا جێگیر کردووە و پێدەچێت ئامادەکاری بۆ داگیرکارییەکی نوێ بکات، ئەمەش هەشت ساڵ دوای ئەوەی ڕوسیا نیمچە دورگەی کرێمیای ئۆکرانیای گرتەخۆی.
ڕوسیا ڕەتی دەکاتەوە پلانی داگیرکردنی ئۆکرانیای هەبێت و دەڵێت تەنها وەڵامی ڕەفتارە " دوژمنکارییەکانی " ناتۆ و ئۆکرانیا دەداتەوە.
ڕیابکۆڤ دووبارە جەختی لە داواکانی ڕوسیا کردەوە، لەوانەش ڕێگەگرتن لە فراوانبوونی زیاتری هاوپەیمانێتی ناتۆ بەرەو ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا و ڕاگرتنی چالاکیەکانی هاوپەیمانێتیەکە لە وڵاتانی ناوەڕاست و ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا.
وتی " جەختمان لەوە کردەوە کە بەدڵنیاییەوە دەبێت دڵنیا ببینەوە لەوەی ئۆکرانیا هەرگیز، هەرگیز نەبێتە ئەندام لە هاوپەیمانێتی ناتۆ."
جێی ئاماژەیە ئۆکرانیا ماوەیەکی زۆرە دەیەوێت ببێتە ئەندام لە هاوپەیمانێتی ناتۆ و ئەمەش ڕوسیای نیگەران کردووە، یەکێکیش لە داواکارییەکانی ڕوسیا ئەوەیە هاوپەیمانێتی ناتۆ ڕێگە نەدات ئۆکرانیا ببێتە ئەندام تیایدا.
ڕیابکۆڤ وتی " متمانەمان بەوان نیە. گرەنتی یاساییمان دەوێت، نەک دڵنیادانەوە، گرەنتیمان ناوێت بە قسە، نابێت ئەوان ببنە ئەندام لە هاوپەیمانێتی ناتۆ، ئەوە پەیوەندیی بە ئاسایشی نیشتیمانی ڕوسیاوە هەیە."
لەلایەکی دیکەوە شێرمان وتی " ڕێگە نادەین هیچ کەسێک سیاسەتی دەرگا کراوەیی هاوپەیمانێتی ناتۆ دابخات، کە هەمیشە بابەتێکی گرنگ بووە بۆ هاوپەیمانێتی ناتۆ."
وتیشی " واز لە هاریکارییەکانمان ناهێنین لەگەڵ ئەو وڵاتانەدا کە خاوەن سەروەرن و دەخوازن لەگەڵ ئەمەریکادا کاربکەن، هەروەها هیچ بڕیارێکیش نادەین لەسەر ئۆکرانیا بەبێ ئۆکرانیا، لەسەر ئەوروپا بەبێ ئەوروپا، یاخود لەسەر ناتۆ بەبێ ناتۆ."
هەردوولا وتیان ڕوسیا وتوویەتی نیازی داگیرکردنی نیە، ئەوەش شتێکە ڕیابکۆڤ دەڵێت هەرگیز ڕوونادات، بەڵام شێرمان وتی نازانێت ئەگەر ڕوسیا بەنیازی کەمکردنەوەی گرژییەکان بێت یاخود نا.
ڕوسییەکان دەڵێن ئەمەریکا لە هەستیاری ڕەوشەکە تێناگات، ڕیابکۆڤ وتی ڕوسیا ئامادە نیە بە هەفتە و مانگ چاوەڕێ بکات.
وتی ڕوسیا دەیەوێت جوڵە لە ناتۆوە ببینێت، هەروەها دەشڵێت جێبەجێ نەکردنی داواکارییەکان هەڵە دەبێت و دەبێتە هۆی زیان گەیاندن بە ئاسایشی هاوپەیمانێتی ناتۆ.
شێرمان وتی هیچ وڵاتێک ناتوانێت بە بەکارهێنانی هێز سنووری وڵاتێکی دیکە بگۆڕێت، هەروەها داواشی لە ڕوسیا کرد گرژییەکان کەم بکاتەوە، ئەوەش لەڕێی گەڕانەوەی هێزەکانەوە بۆ بنکەکانی خۆیان.
وتیشی ئەگەر ڕوسیا پشت لە گفتوگۆکان بکات ئەوا ڕوون دەبێتەوە کە ئەو وڵاتە هەرگیز جددی نەبووە لە دیبلۆماسیەتدا.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز