Accessibility links

دیبلۆماتکاران: ئەمەریکا و ڕوسیا دەڵێن ناتوانن پشتیوانی لە ئاگربەست بکەن لە لیبیادا


نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ لیبیا غەسان سەلامە
نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ لیبیا غەسان سەلامە

دیبلۆماتکاران وتیان ئەمەریکا و ڕوسیا وتوویانە ناتوانن لە ئێستادا پشتیوانی لە بڕیارەکەی ئەنجومەنی ئاسایشی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان بکەن کە تیایدا داوا دەکات شەڕ لە لیبیادا بوەستێنرێت.

وتیشیان ڕوسیا دژایەتی ئەو بڕیارە دەکات کە بەڕیتانیا دایڕشتووە و تیایدا لۆمەی سەرکردەی هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی لیبیا " سوپای نیشتیمانی لیبیا " خەلیفە حەفتەر دەکات لەو توندوتیژییانەی کە ئێستا لە لیبیادا هەن و هێزەکانیان پێشڕەوییان کردووە بەرەو لێوارەکانی تەڕابلسی پایتەخت.

ئەمەریکا ئاماژەی بە هۆکاری ئەم هەڵوێستەی نەدا سەبارەت بە ڕەشنووسی بڕیارەکە، ڕەشنووسی بڕیارەکە داوا لە هەموو ئەو وڵاتانەش دەکات کە دەسەڵاتیان هەیە بەسەر لایەنەکانی شەڕی لیبیادا تاوەکو پابەند بن بە ئاگربەستەوە و هەروەها داوا دەکات ڕێگە بە یارمەتییە مرۆییەکان بدرێت بە بێ مەرج بگەنە لیبیا.

نوێنەرایەتی ئەمەریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان هیچ لێدوانێکیان نەدا، هەروەها نوێنەرانی ڕوسیاش لە نەتەوە یەکگرتووەکان بە هەمان شێوە هیچ لێدوانێکیان نەدا لەسەر بابەتەکە.

هەر بڕیارێک لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەربچێت پێویستی بە ڕەزامەندی نۆ ئەندامی ئەنجومەنەکە هەیە، بەڵام بەبێ ئەوەی هیچ کام لە ئەندامە هەمیشەییەکانی ئەنجومەنەکە- ئەمەریکا و بەڕیتانیا و فەڕەنسا و ڕوسیا و چین مافی ڤیتۆ دژی بڕیارەکە بەکاربهێنن. تا ئێستا ڕوون نیە کە ئایا بەڕیتانیا هەفتەی داهاتوو بەردەوام دەبێت لە گفتوگۆکردن لەسەر ڕەشنووسی بڕیارەکە یاخود نا.

ئەمەریکا و ڕوسیا لە کۆبوونەوەیەکی داخراوی ئەنجومەنەکەدا هەڵوێستی خۆیان ڕاگەیاند کە تیایدا نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ لیبیا غەسان سەلامە لە بەیاننامەیەکدا داوای ئاگربەستی کرد.

هەندێک لە دیبلۆماتکاران لە نەتەوە یەکگرتووەکان وتیان ئەمەریکا لەوانەیە هەوڵ بدات کاتی زیاتری دەست بکەوێت لەکاتێکدا بەڕێوبەرایەتیەکەی سەرۆک دانۆڵد ترامپ هەوڵدەدات بزانێت چۆن مامەڵە لەگەڵ نوێترین پێشهاتەکانی لیبیادا بکات.

دیبلۆماتکارێکی ئاست بەرزی نەتەوە یەکگرتووەکان کە داوای کرد ناوی ئاشکرا نەکرێت وتی " پێم وایە لە واشنتن لەڕووی سیاسیەوە کۆمەڵێک بیروڕای جیاواز هەیە کە هێشتا لەسەری ڕێکنەکەوتوون، هەروەها دڵنیا نین لە هەڵوێستی سەرۆک ترامپ لەسەر ئەو بیروڕایانە."

وتیشی " ئەمەریکا هەوڵدەدات هەموو سیناریۆکان هەڵبسەنگێنێت و باشترینیان بۆ ئەمەریکا هەڵبژێرێت، هێشتا ئەوەی نەکردووە."

ئەنجومەنی ئاسایش لە 5 ی مانگی چواردا بەشێوەیەکی نافەڕمی نیگەرانی خۆی سەبارەت بە لیبیا دەربڕی و داوای کرد ڕەوشەکە ئارام بکرێتەوە و چالاکییە سەربازییەکان ڕابگیردرێن.

بەڵام دیبلۆماتکاران دەڵێن ئەنجومەنەکە لە ڕۆژانی دواتردا نەیتوانیوە بەیاننامەیەکی فەڕمی دەربکات بەهۆی ئەوەی کە ڕوسیا ڕازی نەبووە لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بە سوپای نیشتیمانی لیبیا بدرێت و ئەمەریکاش دەڵێت ناتوانێت نوسراوێک پەسەند بکات کە ئاماژە بە هێزەکانی حەفتەر نەدات.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG