Accessibility links

بەرپرسانی ئەمەریکا و ڕووسیا سەبارەت بە جەنگەکەی ئۆکرانیا لە عەرەبستانی سعودیە کۆدەبنەوە


یاسادانەرێکی ئەمەریکایی و سەرچاوەیەکی نزیک لە پلانەکانەوە وتییان بەرپرسانی ئەمەریکا و ڕووسیا لە چەند ڕۆژی داهاتوودا لە عەرەبستانی سعودیە کۆدەبنەوە، بە مەبەستی دەستپێکردنی گفتوگۆکان کە ئامانج لێی کۆتایی هێنانە بە جەنگەکەی ڕووسیا لە ئۆکرانیادا.

سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی کە ڕۆژی هەینی لەگەڵ جێگری سەرۆکی ئەمەریکا جەی دی ڤانسدا کۆبووەوە، وتی ئۆکرانیا بانگهێشت نەکراوە بۆ گفتوگۆکان لە سعودیە و کیێڤ لەگەڵ مۆسکۆدا قسە ناکات هەتاوەکو لەگەڵ هاوبەشە ستراتیژییەکانیدا ڕاوێژ نەکات.

ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا مایکڵ مککۆڵ بە ڕۆیتەرزی وت وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا مارکۆ ڕوبیۆ و ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی مایک واڵتز و نوێنەری ئەمەریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ستیڤ ویتکۆف دەچن بۆ سعودیە.

لە پەراوێزی کۆنفرانسی ئاسایشی میونخدا مککۆڵ وتی ئامانج لە گفتوگۆکان ڕێکخستنی کۆبوونەوەیەکە لە نێوان سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ و سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن و زێلێنسکیدا، ئەوەش لە پێناو ئەوەی " لە کۆتاییدا ئاشتی بکەوێتەوە و کۆتایی بەم جەنگە بهێندرێت."

سەرچاوەیەکی نزیک لە پلانەکانەوە گفتوگۆ پلان بۆ داندراوەکانی نێوان بەرپرسانی ئەمەریکا و ڕووسیای لە سعودیە پشتڕاست کردەوە.

وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا وتی ڕۆژی شەممە ڕوبیۆ لەگەڵ هاوتا ڕووسیاییەکەی سێرگێی لاڤرۆڤدا قسەی کردووە و ڕێککەوتوون لەسەر گفتوگۆی بەردەوام بۆ ئامادەکردنی کۆبوونەوەیەک لە نێوان ترامپ و پوتندا.

ڕۆژی هەینی زێلێنسکی وتی سەردانی ئیماڕات و سعودیە و تورکیا دەکات، بەڵام ئاماژەی بەوە نەدا کەی. هەروەها وتیشی کە هیچ پلانێکی نیە لە ماوەی گەشتەکەیدا لەگەڵ بەرپرسانی ئەمەریکا یاخود ڕووسیادا کۆببێتەوە.

پێنج یەکی خاکی ئۆکرانیا لە ژێر کۆنتڕۆڵی ڕووسیادایە و چەند مانگێکە لە ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیادا بە هێواشی پێشڕەوی دەکات. ڕووسیا مەرجی هەیە بۆ هەر ڕێککەوتنێکی ئاشتی و داوا لە کیێڤ دەکات ئەو خاکانەی کە مۆسکۆ کۆنتڕۆڵی کردوون لە ژێر دەسەڵاتی ڕووسیادا بمێننەوە، هەروەها داوای لێکردووە وەکو وڵاتێکی بێلایەن بمێنێتەوە و دەستبەرداری ئارەزووەکانی بێت بۆ پەیوەندیکردن بە ناتۆوە.

ئۆکرانیاش داوای کشانەوەی ڕووسیای کردووە لەو ناوچانەدا کە کۆنتڕۆڵی کردوون و ئەندامێتی لە ناتۆدا دەوێت، یاخود گرەنتییەکی ئاسایش کە ڕێگری بکات لە هێرشی مۆسکۆ بۆ سەر وڵاتەکە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG