Accessibility links

لە گرێبەستێکی 200 ملیۆن دۆلاریدا، ئیستۆنیا سیستمی تۆپهاوێژی ئەمەریکی دەکڕێت


هیمارس
هیمارس

بەرپرسانی ئیستۆنیا دەڵێن ئیستۆنیای ئەندام لە هاوپەیمانێتی ناتۆ و دراوسێی ڕووسیا تواناکانی بەرگری وڵاتەکە پتەوتر دەکات، لە ڕێی کڕینی سیستمی تۆپهاوێژی پێشکەوتووی ئەمەریکاوە. ئەمەش گەورەترین گرێبەستی ئەو وڵاتەیە بۆ کڕینی چەک.

گرێبەستەکە ڕۆژی هەینی واژۆ کراوە، ئیستۆنیا سیستمی تۆپهاوێژی هیمارس لە ئەمەریکا دەکڕێت کە بەهاکەی دەگاتە زیاتر لە 200 ملیۆن دۆلار و موشەک و تەقەمەنی و مەشقیشی تێدا دەبێت.

ناوەندی وەربەرهێنانی بەرگری ئیستۆنیا لە بەیاننامەیەکدا وتی پاکێجی گرێبەستەکە سیستمی هیمارسی تێدایە کە مەوداکەی لە نێوان 70 بۆ 300 کیلۆمەتردایە. بەرپرسانی ئیستۆنیا ئاماژەیان بەوە نەدا چەند هیمارس دەکڕن، بەڵام دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ناوخۆ دەڵێن گرێبەستەکە شەش سیستمی هیمارس لە خۆدەگرێت.

بەرپرسی گەشەپێدانی بەشی تواناکانی هێزەکانی بەرگری ئیستۆنیا کۆلۆنێڵ کارێل مایسالو وتی " سیستمی تۆپهاوێژی هیمارس هەنگاوێکی گرنگە بۆ پەرەدان بە تواناکانی بەرگری ئیستۆنیا. ئەمە وادەکات بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە کاربکەینە سەر دوژمن تەنانەت پێش ئەوەی بگەن بە هێزە پیادەکانمان."

وڵاتانی دراوسێی ئیستۆنیا لە ناوچەی باڵتیک، لاتیڤیا و لیتوانیا سیستمەکەیان هەیە یاخود لە ئێستادا لە پڕۆسەی کڕینی هیمارسی تایبەت بە خۆیاندان.

ئەمەریکا سیستمی تۆپهاوێژی هیمارسی داوە بە ئۆکرانیا. وەزارەتی بەرگری ئیستۆنیا وتی سیستمەکانی هیمارس " یارمەتیدەر بوون لە لە ناوبردنی کۆگاکانی تەقەمەنی و هێڵەکانی گواستنەوەی و ناوەندەکانی سەرکردایەتیکردنی ڕووسیا، ئەوەش بە وردییەکی ئێجگار زیاترەوە لەو هاویتزەرانەی کە ئۆکرانیا بەکاریهێناون."

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG