Accessibility links

پوتن داوای گرەنتی ئاسایش لە سەرۆکی ئەمەریکا دەکات


کرێملن دەڵێت سەرۆکی ڕوسیا ڤلادیمێر پوتن داوای لە سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن کردووە گرەنتیەکی لەڕووی ئاسایشەوە بداتێ کە تیایدا ڕێگە نەدرێت هاوپەیمانێتی ناتۆ فراوان بکرێت.

کرێملن لە بەیاننامەیەکدا وتی لە ماوەی پەیوەندییە ڤیدیۆییەکەی نێوان سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن و سەرۆکی ڕوسیا ڤلادێمێر پوتندا کە دوو کاتژمێری خایاند، پوتن وتوویەتی هاوپەیمانێتی ناتۆ توانا سەربازییەکانی خۆی لە نزیک سنوورەکانی ڕوسیا زیاتر کردووە و " هەوڵی مەترسیدار دەدات بۆ داگیرکردنی ناوچەکانی ئۆکرانیا."

وتیشی " لەبەر ئەوە ڕوسیا بەجددی دەیەوێت گرەنتیەکی یاسایی و متمانەپێکراوی دەست بکەوێت لەسەر ئەوەی هاوپەیمانێتی ناتۆ بەرەو ڕۆژهەڵات فراوانتر نەبێت و ڕەوانەکردنی سیستمی چەکە هێرشبەرەکان لەو وڵاتانە ڕابگیرێن کە سنوورییان بە سنووری ڕوسیاوەیە."

لە ماوەی ڕابردوودا بەرپرسانی ڕوسیا ئاماژەیان بەوەداوە گەشەکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هاوپەیمانێتی ناتۆ و ئۆکرانیا و ئەگەری ئەوەی هاوپەیمانێتیەکە کۆمەڵێک موشەک لە ئۆکرانیا دژی ڕوسیا جێگیر بکات " هێڵێکی سوورە " و مۆسکۆ ڕێگە نادات ببەزێندرێت.

کرێملن وتیشی پوتن داوای لە سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن کردووە گرەنتی بداتێ لەسەر ئەوەی سیستمی چەکە هێرشبەرەکان ڕەوانەی ئەو وڵاتانە نەکرێن کە نزیکن لە ڕوسیاوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG