Accessibility links

بڕیارە ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا دەنگدان بۆ سەپاندی سزا بەسەر ڕووسیا و ئێران و کۆریای باکور ئەنجام بدات


چاوەڕوان‌دەکرێت ئەمڕۆ سێشەممە ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا دەنگ لەسەر چەند پـرۆژە بڕیارێـک بدات بۆ سەپاندنی سزا بەسەر ڕووسیا و ئێران و کۆریای باکور.

کۆنگرێس دەیەوێت ڕووسیا سزابدات بەهۆی دەسـتێوەردانی مۆسکۆ لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2016 ی ئەمەریکا و هەروەها دەستێوەردانی لە کاروباری ئۆکرانیا و لکاندنی دورگەی کریمەی ئۆکرانیا بە وڵاتەکەیەوە.

ڕووسیا لە زاری سێرگێ ڕیاپکۆڤ جێگری وەزیری دەرەوەی ڕەخنەی توندی لەم هەنگاوەی کۆنگرێس گرت و گوتی سەپاندنی سزا بەسەر مۆسکۆ دەبێتە بۆمبێکی زۆر مەترسیدار بۆ سەر بنەمای پەیوەندیـیەکانی نێوان هەردوو وڵات.

هاوکات کار بۆ سەپاندنی سزا بەسەر تاراندا دەکرێت کە وەک کاربەدەستانی ئەمەریکا دەڵێن بەردەوامە لە پشتیوانیکردنی تێرۆرزم و بەکارهێنانی سوپای پاسداران بۆ ئەم مەبەستە.

کۆریای باکوریش کە لەم دوایـیانە چەندان تاقیکردنەوەی موشەکی ئەنجام دا و بووەتە مایەی نیگەرانی بۆ هەریەک لە کۆریای باشور و ژاپـۆن و ئەمەریکا، ئەویش لە بەرنامەدایە دەنگدان لەسەر پـرۆژە بڕیارێـک بۆ سەپاندنی سزا بەسەریدا ئەنجام بدرێت.

XS
SM
MD
LG