Accessibility links

ئەمەریکا: ڕوسیا و ئێران هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمەریکایان کردۆتە ئامانج


هەردوو وەزارەتی ئاسایشی ناوخۆ و دادی ئەمەریکا ڕایانگەیاند ڕوسیا و ئێران هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمەریکایان لە ساڵی 2020 دا کردۆتە ئامانج، بەڵام بەبێ ئەوەی کاربکاتە سەر ئەنجامی هەڵبژاردنەکان.

لە ڕاپۆرتێکی هاوبەشی دوو وەزارەتەکەدا هاتووە دەڵێت " ڕوسیا و ئێران لە هەڵمەتێکی بەرفراواندا کەرتە سەرەکیەکانی ژێرخانی هەڵبژاردنەکانیان کردۆتە ئامانج و کارییان کردۆتەسەر ئاسایشی کۆمەڵێک تۆڕ کە سەرپەرشتی هەندێک لە ئەرکەکانی هەڵبژاردنەکانیان کردووە."

دەشڵێت " بەڵام لەڕووی ماددییەوە هیچ کاریگەرییەکیان نەبووە لەسەر ڕاستی دەنگی دەنگدەران و توانای دەنگدان و جیاکردنەوەی دەنگەکان و بڵاوکردنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان لەکاتی خۆیدا."

هەروەها ئەوەشی خستەڕوو لایەنە ڕوسی و ئێرانی و چینیەکانی سەر بە حکومەتەکانی ئەو وڵاتە " لەڕووی ماددییەوە کاریانکردۆتە سەر ئاسایشی ئەو تۆڕانەی کە پەیوەندییان بە ڕێکخراوە سیاسیەکانی ئەمەریکا و کاندیدەکان و هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنەکانەوە هەبووە."

بەپێی ڕاپۆرتەکە " ئەو لایەنانە کۆمەڵێک زانیارییان کۆکردۆتەوە کە دەکرا لەچوارچێوەی هەوڵەکانیاندا بۆ کارکردنە سەر هەڵبژاردنەکان بڵاویبکەنەوە، بەڵام ئەو زانیارییانە بڵاونەکرانەوە یاخود دەستکاری نەکراون."

لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەدراوە " هیچ بەڵگەیەک لەسەر ئەوە نیە لایەنەکانی سەر بە حکومەتە بیانیەکان ڕێگەیان لە پڕۆسەکانی دەنگدان یاخود دەستکاریکردنی دەنگەکان یاخود کۆسپ خستنەبەردەم جیاکردنەوەی دەنگەکان یاخود ڕاگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان گرتبێت."

سەرۆکی لیژنەی هەواڵگری لە ئەنجومەنی سیناتی ئەمەریکا سیناتۆری دیموکرات مارک وارنەر وتی " ڕاپۆرتەکە تیشک دەخاتە سەر هەوڵە بەردەوامەکانی دوژمنان بۆ کارکردنە سەر هەڵبژاردنەکانمان."

وارنەر وتی " بەتایبەتی ڕوسیا هەوڵێکی زۆریداوە لەپێناو کارکردنە سەر ئەنجامی هەڵبژاردنەکان، نەک تەنها لە ساڵی 2020 دا، بەڵکو وەکو هەموومان لەبیرمانە لە ساڵی 2016 شدا."

وتیشی " هەوڵی لایەنە بیانیەکان بۆ کارکردنە سەر دەنگدەرانی ئەمەریکا هەر دەمێنێت، هەروەها بە لەبەرچاوگرتنی دابەشبوونی حیزبەکانی وڵاتەکە لە ئێستادا، هەلێکی باشیان بۆ ڕەخساوە تاوەکو لە داهاتوودا گەشە بکەن."

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG