Accessibility links

ئەمەریکا و ئەڵمانیا بەخێرایی وەڵام دەدەنەوە ئەگەر ڕوسیا دوژمنکارییەکانی دژی ئۆکرانیا زیادبکات


وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن و وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا ئەنالینا بێربۆک، واشنتن
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن و وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا ئەنالینا بێربۆک، واشنتن

ئەمەریکا و ئەلمانیا دووبارە جەختیان لە پشتیوانی نەگۆڕی خۆیان کردەوە بۆ سەروەری ئۆکرانیا و خاکەکەی، هۆشدارییاندا لەسەر " دەرەنجامێکی گەورە و توند " ئەگەر ڕوسیا ئۆکرانیا داگیر بکات.

نوێکردنەوەی هۆشداریدانەکە چەند ڕۆژێک بەر لە گفتوگۆ سیاسییەکانی نێوان ئەمەریکا و ڕوسیا دێت کە وابڕیارە لە هەفتەی داهاتوودا کۆببنەوە.

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن لە میانەی سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا ئەنالینا بێربۆکدا لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا وتی " ئەڵمانیا و ئەمەریکا پێیان وایە کارەکانی ڕوسیا بەرامبەر ئۆکرانیا مەترسییەکی بەپەلەیە بۆ سەر ئاشتی و سەقامگیری ئەوروپا. سەرکۆنەی زیادبوونی هێزەکانی ڕوسیا دەکەین لەسەر سنوورەکانی ئۆکرانیا و لێدوانە توندەکانی مۆسکۆ."

دواتر بلینکن وتی " ئەگەر ڕوسیا گرژییەکان زیاد بکات، بەخێرایی وەڵام دەدەینەوە."

لە ماوەی یەکەم سەردانیدا بۆ ئەمەریکا وەکو وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا، بێربۆک هۆشداریدا لەسەر ئەوەی هەر دوژمنکارییەکی دیکەی ڕوسیا دژی ئۆکرانیا " باجێکی گەورە دەبێت."

بلینکن ئاماژەشی بەوەدا ئەوروپا دەتوانێت پڕۆژەی نۆرد ستریم 2 کە هێڵێکی بۆریی گازە بەژێر دەریادا دەڕوات و ڕوسیا و ئەڵمانیا بەیەکەوە دەبەستێتەوە، وەکو کارتێک دژی ڕوسیا بەکاربهێنێت.

ئەمەریکا فشار دەکاتە سەر ئەڵمانیا تاوەکو پڕۆژەی بۆری گازی نۆرد ستریم 2ی ڕوسیا ڕابگرێت، ئەوەش وەکو سزایەک لە حاڵەتێکدا ئەگەر ڕوسیا ئۆکرانیا داگیربکات.

ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئۆلاف شۆڵز ڕووبەڕووی فشار بووەوە لەلایەن هاوپەیمانان و ئەندامانی حکومەتە هاوبەشەکەشیەوە، لەنێویشیاندا بێربۆکی ڕابەری حیزبی سەوز، تاوەکو گواستنەوەی گازی ڕوسی لەڕێی نۆرد ستریم 2 ەوە بە فەڕمی پەسەند نەکات.

بێربۆک وتی " لەگەڵ هاوبەشە ئەوروپییەکانماندا ڕێوشوێنی کاریگەر دەگرینەبەر ئەگەر ڕوسیا وزە وەکو چەکێک بەکاربهێنێت یاخود بەردەوام بێت لە دوژمنکارییەکانی دژی ئۆکرانیا."

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG