وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند ئەو هاوڵاتیە ڕوسیانەی کە دەیانەوێت گەشت بکەن بۆ ئەمەریکا ئێستا دەبێت بۆ داواکردنی ڤیزا بچن بۆ باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە وارشۆی پایتەختی پۆڵەندا.
ئەم گۆڕانکارییە لەنێوەندی زیادبوونی گرژییەکانی نێوان ڕوسیا و ئەمەریکادایە سەبارەت بە باڵیۆزخانەکانیان، لە ماوەی ڕابردووشدا ڕوسیا ژمارەی دیبلۆماتکارانی ئەمەریکای لە مۆسکۆ سنووردار کرد.
لەلای خۆیەوە ڕوسیا سەرکۆنەی بڕیارەکەی ئەمەریکای کرد، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕوسیا ماریا زاخارۆڤا وتی دیبلۆماتکارانی ئەمەریکا ماوەیەکی زۆرە " سیستمی خزمەتگوزاری ڕاوێژدان لە ڕوسیا تێکدەدەن و لە پڕۆسەیەکی تەکنیکی ئاسانەوە کردوویانە بە پڕۆسەیەکی زۆر قورس."
وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکاش لۆمەی ڕوسیای کرد و وتی " بڕیارەکەی حکومەتی ڕوسیا بۆ ڕێگە نەدان بە ئەمەریکا تاوەکو کارمەندی ڕوسی یاخود هاوڵاتیانی وڵاتی سێیەم وەربگرێت لە دامەزراوە دیبلۆماتیەکانیدا، کاریگەرییەکی گەورەی هەبووە لەسەر تواناکانمان بۆ دابینکردنی خزمەتگوزاری ڕاوێژپێدان. کەمبوونەوەی ژمارەی کارمەندەکانمان لە ڕوسیا لەم کاتەدا ڕێگەمان پێنادات خزمەتگوزارییەکانی ڤیزا دابین بکەین."
وتیشی " دەزانین ئەمە گۆڕانکارییەکی گەورەیە بۆ ئەوانەی داوای ڤیزا دەکەن."
ئاماژەشی بەوەدا داواکردنی ڤیزا لە وارشۆوە " باشترین چارەسەر نەبووە."
هاوکات باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە مۆسکۆ تەنها " ڤیزای دیبلۆماسی یاخود فەڕمی دەردەکات."
دەرکردنی کارمەندانی باڵیۆزخانەکانی ئەمەریکا و ڕوسیا لەلایەن هەردوو وڵاتەوە کاریگەرییەکی خراپی لەسەر خزمەتگوزارییەکان دروست کردووە. ئەمەش بابەتی سەرەکی بوو لە کۆبوونەوەکەی جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڤیکتۆریا نۆلاند لەگەڵ بەرپرسانی ڕوسیادا لە مۆسکۆ، بەڵام هیچ ئەنجامێکی بەرچاوی نەبوو.
سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا