Accessibility links

دوو سیناتۆر هەوڵ دەدەن ڕێگە بگرن لە لابردنی لێکۆڵەری تایبەت لە دەسـتێوەردانی ڕووسیا لە هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکا


دوو سیناتۆری ئەمەریکایی پـرۆژە یاسایەکیان پـێشکەشکردووە بە ئامانجی پاراستنی ڕۆبەرت مولەر لێکۆڵەری تایبەت، ئەوەی لێکۆڵینەوە دەکات لە کەیسی دەسـتێوەردانی ڕووسیا لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2016 ی سەرۆکایەتی ئەمەریکا.

هەر یەک لە سیناتۆری کۆماری تۆم تێڵس و سیناتۆری دیموکرات کرێس کونز دوێنێ پـێنجشەممە پـرۆژە یاساکەیان پـێشکەشی کۆنگرێس کرد تاوەکو ڕێگە بگیرێت لەوەی ڕۆبەرت مولەر بەبێ هۆکار لە پـۆستەکەی لاببرێت.

سیناتۆر کرێس کونز لە ڕاگەیاندنێـکدا گوتی دانانی سیستەمی پـیاداچوونەوەیەکی دادوەری بۆ هەوڵی لابردنی لێکۆڵەری تایبەت گرنگە بۆ دڵنیابوون لە سەربەخۆیی لێکۆڵینەوەکان.

پاش ئەوەی لێکۆڵینەوەکان چوونە قۆناغێـکی هەستیارەوە، ژمارەیەک لە یاسادانەران مەترسیان هەیە بەڕێوەبەرایەتی سەرۆک ترامپ ڕۆبەرت مولەر لە کارەکەی لاببات.

لە لایەکی دیکە ڕۆژنامەی واڵ ستریت جۆرناڵ لە هەواڵێـکیدا نووسیویەتی ڕۆبەرت مولەر دەستەیەکی سوێندخۆرانی پـێکهێناوە بۆ بڕیاردان لەوەی ئایا بەڵگەی پـێویست هەن یان نا بۆ تۆمەتبارکردنی کەسێـک لە کەیسی دەسـتێوەردانی ڕووسیا لە هەڵبژاردنەکاندا.

ڕۆژنامەکە دەڵێت بەمەش لێکۆڵینەوەکان دەچنە قۆناغێکی نوێـیەوە کە ڕەنگە بە دوایدا کەسانێـک تۆمەتباربکرێن.

تای کاب پارێزەری سەرۆک ترامپ سەبارەت بەم هەواڵەی ڕۆژنامەی واڵ ستریت جۆرناڵ گوتی کۆشکی سپی پشتیوانی لە هەر هەوڵێـک دەکات بۆ خێراکردن لە گەیشتن بە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکە. جەختی لەوەش کرد کۆشـکی سپی ئامادەیە بە تەواوی لەگەڵ ڕۆبەرت مولەر هاوکاری بکات.

XS
SM
MD
LG