Accessibility links

ئەمەریکا گەشتی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی بەسەر دەریای ڕەشدا دەستپێدەکاتەوە

دوو بەرپرسی ئەمەریکا دەڵێن ئەمەریکا گەشتی فڕۆکە بێفڕۆکەوانە چاودێرییەکانی بەسەر دەریای ڕەشدا دەستپێکردۆتەوە، ئەوەش دوای ئەوەی ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوو فڕۆکەیەکی شەڕکەری ڕووسی بەرپەرچی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئەمەریکی دایەوە و بووە هۆی کەوتنە خوارەوەی فڕۆکە ئەمەریکییەکە.

بەرپرسەکان وتیان فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی RQ-4 Global Hawkl ڕۆژی هەینی بەسەر دەریای ڕەشدا فڕیوە، یەکێک لە بەرپرسەکان وتی ئەوە یەکەمین جار بووە لە دوای ڕووداوەکەی ڕۆژی سێشەممەوە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی لەو جۆرە بەسەر دەریای ڕەشدا گەشت بکات. لە ماوەی ڕابردوودا بەرپرسانی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا وتیان ڕووداوەکە نابێتە ڕێگر لە بەردەم گەشتەکانیدا بەسەر ئاسمانی دەریای ڕەشدا.

بەڵا، خستنە خوارەوەی فڕۆکە بێفڕۆکەوانە ئەمەریکییەکە لە ڕۆژی سێشەممەدا یەکەمین بەریەککەوتنی ڕاستەوخۆی نێوان ئەمەریکا و ڕووسیا بوو لە سەرەتای جەنگەکەی ناو ئۆکرانیاوە، ئەوەش بووە هۆی خراپتر بوونی پەیوەندییەکانی نێوان دوو وڵاتەکە.

ڕووسیا تۆمەتەکانی ئەمەریکای ڕەت کردەوە سەبارەت بەوەی فڕۆکە شەڕکەرەکەی ڕووسیا بێباکانە لە دەوروبەری فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکەی ئەمەریکا ڕەفتاری کردبێت. لە جیاتی ئەوە بەرپرسیارێتی ڕووداوەکەی خستە ئەستۆی جووڵەی لە ناکاوی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکە.

بەڵام ڕۆژی پێنجشەممە وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا گرتە ڤیدیۆیەکی بڵاوکردەوە کە تیایدا دەردەکەوێت فڕۆکە شەڕکەرە ڕووسییەکە SU- 27 زۆر لە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکە نزیک دەبێتەوە و لە نزیکییەوە سوتەمەنی دەڕێژێت، بەرپرسانی ئەمەریکاش دەڵێن ئەوە هەوڵێک بووە بۆ زیانگەیاندن بە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

This item is part of
XS
SM
MD
LG