فەرماندەیی هێزەکانی ئەمەریکا لە ئەوروپا ڕایگەیاند، ڕۆژی سێشەممە فڕۆکەیەکی جەنگی جۆری (su-27) ی ڕووسیایی لەگەڵ فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئەمەریکایی جۆری (MQ-9 Reaper) لە ئاسمانی دەریای ڕەشدا بەریەک کەوتوون.
ژەنەڕاڵ جەیمس هێکەر، فەرماندەی هێزی ئاسمانی ئەمەریکا لە ئەوروپا و ئافریکا گوتی فڕۆکەکەمان MQ-9 ئۆپەراسیۆنی ڕۆتینی لە ئاسمانی نێودەوڵەتیدا ئەنجام دەدا، کاتێک لەلایەن فڕۆکەیەکی ڕووسیایی ڕێگری لێکرا و لێیدرا، لە ئەنجامدا فڕۆکەکەی جۆری MQ-9 کەوتە خوارەوە و بەتەواوی لەدەستچوو ."
ئەو گوتیشی "لە ڕاستیدا ئەم ڕەفتارە مەترسیدارە و ناپیشەییانەی ڕووسیاییەکان بووە هۆی ئەویە کە نزیک بێت هەردوو فڕۆکەکە بکەونە خوارەوە."
گوتەبێژی ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکا جۆن کیربی ڕایگەیاند جەیک سولیڤان ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشمانی سەرۆک بایدنی لە ڕووداوەکە ئاگادار کردووەتەوە.
هەتا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە هیچ کاردانەوەیەک لەلایەن ڕووسیاوە نەبووە.