Accessibility links

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕاپـۆرتی ساڵانەی خۆی لە بارەی ئازادی ئاینی لە جیهان بڵاودەکاتەوە


وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕاپـۆرتی ساڵانەی خۆی لە بارەی ئازادی ئاینی بڵاوکردەوە و تیایدا بە ڕاشکاوانە باس لە ئاست و ڕەوشی ئازادی ئاینی لە ماوەی ساڵی ڕابردوو لە وڵاتانی جیهان دەکات.

وەزارەتەکە دوێنێ سێشەممە بە ئامادەبوونی مایک پەمپـێۆ وەزیری دەرەوە و سام بڕاونباگ باڵیۆزی ئەمەریکا بۆ ئازادی ئاینی نێودەوڵەتی دەقی ڕاپـۆرتەکەی بڵاوکردەوە.

پەمپـێۆ بەم بۆنەیە وتارێکی پـێشکەش کرد و تیایدا گوتی شانازیـیەکی گەورەیە بۆ ئەو کە ئەمڕۆ بەشداری لەم بۆنەیە دەکات و ئەم ڕاپـۆرتە بڵاودەکاتەوە. گوتی ئازادی ئاینی لە ناو خوێنی ئەمەریکایـیەکاندایە وە ئەمە مافێکە نەک تەنیا بۆخۆمان دەوێت بەڵکو بۆ هەموو تاکێک لەسەر ئاستی جیهاندا.

گوتیشی سەرۆک ترامپ لەگەڵ ئەوانەدایە کە تامەزرۆی ئازادی ئاینین وە هەروەها مایک پـێنس جێگری سەرۆک ئەویش بە هەمان شێوەیە.

پەمپـێۆ لە کۆتایی وتارەکەی گوتی ئەمەریکا وەک تەماشاکەر ناوەستێت، بەڵکو لە پاڵ هەموو تاکێکدا دەبێت کە خوازیاری بەدیهێنانی گرنگترین مافی سەرەتایی خۆی ببێت.

پاشان باڵیۆز سام بڕاونباگ ئەویش وتارێکی پـێشکەش کرد و تیایدا سوپاسی مایک پەمپـێۆ و سەرۆک ترامپ و مایک پـێنسی کرد بۆ ئەو هەوڵانەی بۆ ئازادی ئاینی دەیدەن.

گوتیشی ئامانجی ئەمەریکا پاراستنی مافی ئازادی ئاینیـیە بۆ هەموو کەسێک، بە موسڵمان و بوذی و فالۆن گۆنگ و کرستیانەکان لە چین. ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد بەڕێوەبەرایەتی سەرۆک ترامپ لەگەڵ ئازادی ئاینی دوو ئامانجی سەرەکیشی هەیە، ئەویش گەشەی ئابوری و دانانی سنوورێک بۆ تێرۆرزم.

پاشان لە لایەن ڕۆژنامەوانانەوە کۆمەڵێک پـرسیاری لێکرا لە بارەی ئازادی ئاینی لە چەند وڵاتێک و ئەویش وەڵامی دانەوە.

دواتر دەقی ڕاپـۆرتەکە بڵاوکرایەوە و ئەمەش چەند بەشێکێتی لە بارەی چەند وڵاتێکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست:

عێراق

هەرچەندە دەستوری عێراق مافی ئازادی ئاینی بۆ موسڵمان و کرستیان ئێزیدی و سابئە مەندایـیەکان دەستەبەردەکات، بەڵام ئەم مافە بۆ پەیڕەوانی ئاینەکانی دیکە و بێ بڕوایان دابین ناکات. هەروەها یاساکانی عێراق ڕێگە بە پەیڕەوکردنی ئاینی بەهائی و ئاینزایی وەهابی نادات. پاشان دەڵێت ڕاپـۆرت هەن باس لەوە دەکەن هێزەکانی حکومەتی عێراق و میلیشیا شیعەکانی حەشدی شەعبی بە ناوی جێبەجێکردنی یاسای دژە تێرۆر خەڵکی سووننەیان کردووەتە ئامانج. ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات هێزەکانی ئاسایش و پـێشمەرگەی هەرێمی کوردستانیش ئازاری خەڵکی ئێزیدی و کرستیانیان داوە.

هەروەها ڕاپـۆرتەکە ئاماژە بۆ تاوانە گەورەکانی داعش بەرامبەر ئێزیدیـیەکان دەکات و دەڵێت هێشتا چارەنووسی بە هەزاران ئێزیدی دیار نیـیە کە بە دەستی چەکدارانی داعش ڕفێندراون.

ئێران

دەستوری ئێران دەڵێت ئاینزای دوازدە ئیمام (جەعفەری) ئاینی فەرمی وڵاتەکەیە و دەبێت هەموو یاساکانی ئەو وڵاتە لەسەر پـێوانەکانی ئەو ئاینزایـیە دابڕێژرێن. هەر کەسێکیش هەوڵی گوڕینی ئاینی موسڵمانێک بدات ئەوا سزاکەی لەسێدارەدانە.

دەشڵێت بەپـێی چەندان سەرچاوە، موسڵمانانی ناشیعە و پەیڕەوانی ئاینەکانی دیکە بە تایبەتی بەهائیـیەکان بە خراپی مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت و بەردەوام شوێنە پـیرۆزەکانیان و گۆڕستانەکانیان دووچاری تێکدان دەبنەوە.

سعودیە

حکومەتی ئەو وڵاتە هێشتا ڕێگە لە پەیڕەوانی ئاینەکانی دیکە نادات بە ئاشکرایانە نوێژ و نزا و مەراسیمی ئاینەکانی خۆیان بکەن و هەر کەسێک سەرپـێچی بکات ئەوا دەسـتگیردەکرێت و ئەوەشی خەڵکی وڵاتەکە نەبێت دەردەکرێت.

XS
SM
MD
LG