Accessibility links

ئەندامێکی گەورەی کۆنگرێسی ئەمەریکا دەڵێت قەتەر یارمەتی گروپە تێرۆرستیەکان دەدات

  • VOA News

سەرۆکی کۆمیتەی کاروباری دەرەوە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا دەڵێت وڵاتی قەتەر کۆمەکی دارایی ژمارەیەک گروپ و ڕێکخراوی تێرۆرستی دەکات، لەوانە قاعیدە، تاڵیبان، داعش، ئیخوانی موسلیمین و حەماس.

ئێد ڕۆیس ڕۆژی سێشەممە لە کۆڕێـکدا بە ناونیشانی قەتەر و ئیخوان ئەلموسلیمین کە لە ناوەندی بەرگری لە دیموکراسیـیەکان لە واشنتن سازکرا، ئەمەی ڕاگەیاند و گوتی لەوە تێناگات بۆچی قەتەر ئەو کارە دەکات و داڵدەی ڕێکخراوە تێرۆرستیـیەکان دەدات. داواشی کرد دەسـتبەجێ دەستبەرداری ئەو گروپە تێرۆرستیـیانە ببێت، ئەگەر نا ئەوا ڕەنگە ئەمەریکا هێزەکانی لە بنکەی ئەلعەدیدی قەتەر بکێشێتەوە.

پاشان ئەم ئەندامە کۆماریـیەی کۆنگرێس گوتی پـرۆژە بڕیارێـک دەخاتە بەردەم کۆنگرێس بۆ سزادانی ئەو وڵاتانەی کۆمەکی دارایی و ڕاگەیاندنی لق و باڵەگانی ئیخوان ئەلموسلیمین دەکەن، لەوانە حەماس و تاڵیبان.

ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد پـرۆژە بڕیارەکەی ئەو حزبە ئیسلامیانە ناگرێتەوە کە لە تونس و ئوردن و جەزائیر و وڵاتانی دیکە بەشێک لە سیاسەتەکانی ئیخوان ئەلموسلیمین پەیڕەودەکەن، بەڵام بەشدارن لە حکومەت و پەرلەمان و توندوتیژی ئەنجام نادەن.

هەر لەو کۆڕە، ڕۆبەرت گەیتس وەزیری پـێشووی بەرگری ئەمەریکا ئەویش لەگەڵ تێڕوانینی ئێد ڕۆیس هاوڕابوو و گوتی دەبێت ئەمەریکا نێردراوێـک بۆ میری قەتەر بنێرێت و پێی ڕابگەیەنێت پـێویستە قەتەر لەو کارانەی بوەستێت، ئەگەر نا ئەوا شێوازی پەیوەندی ئەمەریکا لەگەڵیدا گۆڕانکاری بەسەردا دێت.

XS
SM
MD
LG