Accessibility links

کەسێکی لایەنگری قاعیدە دەسـتگیردەکرێت بە تۆمەتی هەوڵی ئەنجامدانی هێرشێکی تێرۆرستی لە شارێکی ئەمەریکا


دەزگای لێکۆڵینەوەی فیدراڵی ئەمەریکا FBI ڕایگەیاند کەسێکی لایەنگری قاعیدە دەستگیرکراوە بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ ئەنجامدانی هێرشی تێرۆرستی لە شاری گلیڤلاندی ویلایەتی ئۆهایۆ لە میانەی ئاهەنگەکانی ڕۆژی سەربەخۆیی لە 4 ی ئەم مانگی حەوتدا.

دەزگای FBI ئەمڕۆ دووشەممە گوتی دێمێتروس ناثانیال پـیتس کە ناسراوە بە عەبدولڕەحیم ڕەفیق، بە کەسێکی سەر بە FBI ی گوتووە دەیەوێت ئۆتۆمبیلێک پـڕ لە تەقەمەنی بکات و ڕۆژی چوارشەممە لە ئاهەنگەکانی ڕۆژی سەربەخۆیی بیتەقێنێتەوە. هەورەها گوتویەتی خوازیارە کەسانی لەشکری و خێزانەکانیان بکوژێت.

کاربەدەستانی FBI دەڵێن ناوبراو هاوڵاتیـیەکی ئەمەریکایـیە و مێژوویەکی درێژی لە تاوانکاری هەیە و ڕۆژی یەکشەممە دەستگیرکرا پاش ئەوەی لەگەڵ ئەو کارمەندە نهێنیـیەی FBI باسی لە چۆنیەتی ئەنجامدانی هێرشەکە کردبوو.

پـۆلیسی FBI ماوەی چەندان مانگە چاودێری دەکەن پاش ئەوەی لەسەر تۆڕەکانی پەیوەندی کۆمەڵایەتی خواستی خۆی بۆ ئەنجامدانی توندوتیژی دەربڕیبوو.

شاری کلیڤلاند دەکەوێتە سەر دەریاچەی ئیری و هەموو ساڵێک لە ڕۆژی سەربەخۆیی یاریـیە ئاگرینەکانی لە ئەنجام دەدەرێت و دەیان هەزار کەس بە ژن و منداڵ و گەورە و بچوکەوە لەوێ گردەبنەوە بۆ بینی.

XS
SM
MD
LG