Accessibility links

ئەمەریکا لەسەر کوژرانی خاشقچی فشار دەخاتە سەر سعودیە


ئەمەریکا فشاری خستە سەر سعودیە تاوەکو ڕێوشوێنی زیاتر بگرێتەبەر لەسەر بابەتی کوژرانی ڕۆژنامەنووسی سعودی جەمال خاشقچی، ئەمە لەکاتێکدا ئەمەریکا ڕووبەڕووی ڕەخنەیەکی زۆر بۆتەوە لەسەر ئەوەی ڕاستەوخۆ سزای نەسەپاندووە بەسەر شازادەی جێنشینی سعودیە محەمەد بن سەلماندا.

ڕۆژی هەینی سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن ڕاپۆرتێکی نهێنی هەواڵگری ئەمەریکای ئاشکرا کرد کە تیایدا باس لەوە کراوە شازادەی جێنشینی سعودیە محەمەد بن سەلمان دەستی هەبووە لە تاوانی کوشتنی خاشقچیدا لە ساڵی 2018.

خاشقچی لە ئەمەریکا دەژیا و لە ڕۆژنامەی واشنتن پۆست دەینووسی و ڕەخنەی لە سیاسەتەکانی سعودیە دەگرت، لە 2 ی مانگی 10 ی ساڵی 2018 دا لە کونسوڵخانەی سعودیە لە ئیستەنبوڵ کوژرا و پارچە پارچە کرا.

لە ڕاپۆرتەکەی هەواڵگری ئەمەریکادا هاتووە دەڵێت 15 کەس ڕەوانەکراون بۆ کوشتنی خاشقچی لە تورکیا، لەنێویشیاندا " تیمێکی باڵای پاسەوانە تایبەتیەکانی شازادەی جێنشینی سعودیەیان " تێدابووە، ئەمەش وەکو ئاماژەیەک بۆ هێزی کاردانەوەی خێرا کە تەنها بۆ " پاراستنی شازادەی جێنشین پێک هێندراوە و تەنها بە فەرمانی ئەو دەجوڵێنەوە."

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا نێد پڕایس وتی " داوامان لە سعودیە کردووە چارەسەری ئەم کۆمەڵەیە بکات و دواتر چاکسازی و ڕێکخستن لە دامودەزگاکانیدا بکات تاوەکو ئەو چالاکی و ئەرکانەی کە دژی ئۆپۆزسیۆن دەکرێن ڕابگیرێن."

پڕایس وتی " کوشتنی دڕندانەی جەمال خاشقچی ڕەفتارێکە جێی قبوڵکردن نیە، بە ڕوون و ئاشکرا ئەوەمان وتووە و بەردەوامیش دەبین لە وتنی."

وتیشی " داوا لە سعودیە دەکەین ڕێوشوێنی دیکە بگرێتەبەر بۆ لابردنی قەدەغەکردنی گەشت لەسەر ئەوانەی ئازادکراون و هەموو ئەو بابەتانەش چارەسەر بکات کە پەیوەستن بە چالاکەوانەکانی مافی ژنان و ئەوانەی دیکەشەوە." بەتایبەتی چالاکەوان لجین هەزلول کە دوای سێ ساڵ زیندانی لە مانگی یەکدا ئازادکرا.

بەڕێوبەرایەتیەکەی بایدن سزای سەپاندووە بەسەر هێزی کاردانەوەی خێرای سعودیەدا، ئەمەش مانای ئەوەیە هەر مامەڵەیەکی ئەمەریکی لەگەڵ ئەو هێزەدا وەکو تاوان سەیر دەکرێت، هەروەها ئەوەشی خستۆتەڕوو گەشتکردنی 76 سعودی بۆ ئەمەریکا قەدەغە دەکات، ئەمەش بەپێی سیاسەتی نوێی ئەمەریکا دژی ئەو بەرپرسە بیانیانەی کە ئەندامانی ئۆپۆزسیۆن دەکەنە ئامانج.

پڕایس لە هەمان کاتیشدا جەختی لەوە کردەوە ئەمەریکا هاوپەیمانیە مێژووییەکەی لەگەڵ سعودیەدا دەپارێزێت، بەڵام وتی " بەرپەرچدانەوەی ئەم کێشە گەورانە تەنها بە سعودییەیەک دەکرێت کە ڕێز لە بەهاکانی ئەمەریکا بگرێت."

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG