دوێنێ سێشەممە هەڵبژاردنی بەرایی سەرۆکایەتی ئەمەریکا لە پـێنج ویلایەتی وڵاتەکە بەڕێوەچوون و جارێکی دیکە دۆناڵد ترەمپی ملیاردێر لە نێو کۆماریـیەکان و هێلەری کلنتنی وەزیری پـێشووی دەرەوە لە نێو دیموکراتەکان پـشـتیوانی زیاتریان بۆخۆیان بەدەسـتهێنا.
هەڵبژاردنەکان لە ویلایەتەکانی ( مێریلاند، پەنسلڤانیا، کۆنێتیکت، دەلەوێر، ڕۆد ئایلەند) بۆ هەردوو پارت بەڕێوەچوون.
لە بەرەی کۆماریـیەکان کە لە ئێسـتادا سێ ڕکابەر هەن، دۆناڵد ترەمپ لە مێریلاند 54.4% ی دەنگەکانی بردەوە و بەم ئەنجامە پـشتیوانی 35 شاندی بەدەسـتهێنا.
سیناتۆر تێد کروز 18.9% ی دەنگەکانی بەدەسـتهێنا، بەم ڕێژەیە نەیتوانی پشـتیوانی هیچ شاندێـک بەدەسـت بهێنێت.
جۆن کەیسک فەرمانڕەوای ویلایەتی ئۆهایۆ ئەویش لەو ویلایەتە پـشتیوانی هیچ شاندێـکی بەدەسـت نەهێنا، بەو پـێـیەی تەنیا 23% ی دەنگەکانی لەگەڵدا بوون.
لە ویلایەتی پەنسلڤانیا، دۆناڵد ترەمپ 56.7% ی دەنگەکانی بردەوە و بەوەش 17 شاند پـشتیوانیان لێکرد، بەڵام هەر یەک لە جۆن کەیسک کە 19.4% دەنگەکانی لەگەڵدا بوون و تێد کروزیش 21.6% ی دەنگەکان، بۆیە هیچ کامێـکیان پشـتیوانی شاندێکیشیان لەو ویلایەتە بەدەسـت نەهێنا.
ویلایەتی کۆنێتیکت، دۆناڵد ترەمپ 57.7% ی دەنگەکانی بردەوە و بەمە 28 شاندی بردەوە. تێد کروز 11.7% ی دەنگەکانی هێنا، بۆیە هیچ شاندێـکی بۆ نەبوو. جۆن کەیسک هەرچەندە 28.5% ی دەنگەکانی بردەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پشـتیوانی هیچ شاندێـکی بەدەسـت نەهێنا.
ویلایەتی دەلەوێر، دۆناڵد ترەمپ 60.8% ی دەنگەکانی لەگەڵدا بوون و بەمە 16 شاند پشـتیوانیان لێکرد. تێد کروز 15.9% ی دەنگەکانی بەدەسـتهێنا و هیچ شاندێـک پشـتیوانی لێ نەکرد. جۆن کەیسک 20.4% ی دەنگەکان پشـتیوانیان لێکرد بەڵام هێندە نەبوون بۆ ئەوەی شاندێک پشـتیوانی لێبکات.
ویلایەتی ڕۆد ئایلەند، دۆناڵد ترەمپ 63.8% ی دەنگەکانی بردەوە، بۆیە 9 شاند پشـتیوانیان لێکرد. تێد کروز هەرچەندە 10.4% ی دەنگەکانی بەدەسـتهێنا، بەڵام بەو ئەنجامە پشـتیوانی یەک شاندی بەدەستهێنا، لەگەڵ ئەوەشدا بەهۆی ئەوەی پێشـتر 4 شاندی ئەو ویلایەتە پشـتیوانیان خۆیان بۆ ڕاگەیاندبوو، بۆیە لەوێ پشـتیوانی 5 شاندی بۆخۆی مسۆگەرکردووە. جۆن کەیسک 24.4% ی دەنگەکانی لەگەڵدا بوون، بەمە پـشـتیوانی 5 شاندی بەدەسـتهێنا.
لە بەرەی دیموکراتەکان هێلەری کلنتن لە کۆی پـێنج ویلایەتەکە لە چواری سەرکەوتنی بەسەر سیناتۆر بێرنی ساندەرس تۆمارکرد.
ویلایەتی مێریلاند، هێلەری کلنتن 63% ی دەنگەکانی بردەوە و پشـتیوانی 53 شاندی بەدەسـتهێنا، سیناتۆر بێرنی ساندەرس 33.3% ی دەنگەکانی لەگەڵدا بوون و بەو ئەنجامە 24 شاند پشـتیوانیان لێکرد.
ویلایەتی پەنسلڤانیا، هێلەری کلنتن 55.6% ی دەنگەکانی بەدەسـتهێنا و بەمە پشـتیوانی 91 شاندی بۆخۆی مسۆگەرکرد. بێرنی ساندەرس 43.6% ی دەنگەکانی لەگەڵدا بوون و 59 شاند پشـتیوانیان لێکرد.
ویلایەتی کۆنێتیکت، هێلەری کلنتن 51.7% ی دەنگەکانی بردەوە و پشـتیوانی 27 شاندی بەدەسـتهێنا. بەڵام بێرنی ساندەرس کە 46.5% ی دەنگەکانی لەگەڵدا بوون 24 شاند پشـتیوانیان لێکرد.
ویلایەتی دەلەوێر، 59.8% ی دەنگدەران پشـتیوانیان لە هێلەری کلنتن کرد و بەو ئەنجامە پـشتیوانی 12 شاندی لەوێ بەدەسـتهێنا. بێرنی ساندەرس 39.2% ی دەنگەکانی بردەوە و 9 شاند پشـتیوانیان لێکرد.
ویلایەتی ڕۆد ئایلەند، لەم ویلایەتە بیرنی ساندەرس سەرکەوتنی بەسەر هێلەری کلنتن تۆمارکرد و 55% ی دەنگەکانی بردەوە، بۆیە 13 شاند پشـتیوانیان لێکرد. هێلەری کلنتن 43.3% ی دەنگەکانی بەدەسـتهێنا، بەو پـێـیە 11 شاند لەگەڵیدا بوون.
بەم پـێـیە ئەنجامی هەڵبژاردنە بەرایـیەکانی هەردوو پارت هەتا ئێسـتا بەم شێوەیە دەبن:
کۆماریـیەکان
دۆناڵد ترمپ: 950 نوێنەر
تێد کروز: 560 نوێنەر
جۆن کەیسک: 153 نوێنەر
دیموکراتەکان
هێلەری کلنتن: 2141
بێرنی ساندەرس: 1321