Accessibility links

سەرۆک ترامپ بۆمبی 2000 پاوەندی بۆ ئیسڕائیل بەردەست دەخات


سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ
سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ

سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ ڕۆژی شەممە وتی فەرمانی بە سوپای ئەمەریکا کردووە بۆمبە 2000 پاوەندییەکان بدەن بە ئیسڕائیل دوائ ئەوەی سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا جۆو بایدن ناردنی ئەو جۆرە بۆمبەی بۆ ئیسڕائیل ڕاگرتبوو.

ئەم بڕیارەی سەرۆک ترامپیش بە شێوەیەکی بەرچاو پێشبینیکراو بوو.

سەرۆک ترامپ بە ڕۆژنامەنووسانی وت " ئەمڕۆ پێماندان. پارەکەیان داوە و ماوەیەکی زۆریشە چاوەڕێ دەکەن."

بایدن پێدانی ئەو بۆمبانەی بە ئیسڕائیل ڕاگرتبوو، ئەوەش بەهۆی نیگەرانییەکانەوە لەسەر کاریگەریی ئەو جۆرە بۆمبانە لەسەر هاووڵاتیانی سڤیل لە غەززە، بە تایبەتی لە ڕەفەح.

بۆمبێکی 2000 پاوەندی دەتوانێت کۆنکریت و کانزای ئەستوور ببڕێت و نیوەتیرەی تەقینەوەیەکی بەرفراوان دروست بکات. ڕۆیتەرز ساڵی ڕابردوو بڵاویکردەوە کە بەڕێوبەرایەتییەکەی بایدن هەزاران بۆمبی 2000 پاوەندی بۆ ئیسڕائیل ناردووە دوای هێرشەکەی 7 ی مانگی 10 ی ساڵی 2023 ی حەماس بۆ سەر ئیسڕائیل. بەڵام یەکێک لە بارەکانی بۆ ئیسڕائیل ڕاگرتووە.

لە دوای دەستپێکردنی جەنگەکەوە ئەمەریکا بە بەهای ملیاران دۆلار یارمەتی بۆ ئیسڕائیل ڕاگەیاندووە. کاتێک پرسیاری لێکرا سەبارەت بەوەی بۆچی ئەو بۆمبانەی داوە بە ئیسڕائیل، سەرۆک ترامپ وتی " لەبەرئەوەی کڕیویانە."

پێشتر لە ڕۆژی شەممەدا سەرۆک ترامپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروث وتی " ئیسڕائیل داوای کۆمەڵێک شتی زۆری کردووە و پارەکەشی داوە، بەڵام لەلایەن بایدنەوە نەنێردراون، ئێستا لە ڕێگادان."

سەرۆک ترامپ و بایدن پشتیوانیکاری سەرسەختی ئیسڕائیلی هاوپەیمانی ئەمەریکان، تەنانەت لە کاتێکیشدا کە ئەمەریکا ڕووبەڕووی ڕەخنەی توندی گروپەکانی مافەکانی مرۆڤ بووەوە لەسەر قەیرانە مرۆییەکەی ناو غەززە کە بەهۆی هێرشەکەی ئیسڕائیلەوە دروست ببوو. خۆپیشاندەران داوایان دەکرد ئەمەریکا چەک نەدات بە ئیسڕائیل.

ئەمەریکا دەڵێت بەرگری لە ئیسڕائیل دەکات دژی ئەو گروپە چەکدارییانەی کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانییان لێدەکرێت، لەوانە حەماس لە غەززە و حزبوڵا لە لوبنان و حوسییەکان لە یەمەن.

لە 7 ی مانگی 10 ی ساڵی 2023 دا چەکدارانی حەماس هێرشییان کردە سەر ئیسڕائیل و بەرپرسانی ئەو وڵاتە وتییان 1200 کەس کوژراون و چەکدارەکان زیاتر لە 250 کەسییان بە بارمتە گرتووە. لە وەڵامدا ئیسڕائیل دەستیکرد بە هێرشەکانی بۆ سەر چەکدارانی حەماس لە غەززە و بەرپرسانی تەندروستی فەلەستینییەکان دەڵێن زیاتر لە 47,000 فەلەستینی کوژراون.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG