دەیان هەزاران فەلەستینی ڕۆژی یەکشەممە لەسەر شەقامەکان چاوەڕێییان کرد بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە بۆ ماڵەکانی خۆیان لە باکووری غەززە، نائومێدی خۆیان دەربڕی دوای ئەوەی ئیسڕائیل حەماسی تۆمەتبار کرد بە تۆمەتی پێشێلکردنی ڕێککەوتنی ئاگربەستەکە و ڕەتی کردەوە خاڵە سنوورییەکان بکاتەوە.
ڕۆژێک دوای ئاڵوگۆڕکردنی بارمتە ئیسڕائیلییەکان بە زیندانە فەلەستینییەکان، وەستانەکە تیشکی خستەسەر مەترسییەکانی سەر ئاگربەستەکەی نێوان حەماس و ئیسڕائیل.
شایەتحاڵان دەڵێن لە ناوچەکانی ناوەڕاستی غەززەدا خەڵکەکە بە ڕیز بە درێژایی شەقامی سەرەکی بەرەو باکوور وەستاون، هەندێکییان لە ئوتومبێلدان و هەندێکییان بە پێ.
تامر ئەل بورای ئاوارە لە شاری غەززە وتی " دەریایەک لە خەڵک چاوەڕێی ئاماژەیەک دەکەن بۆ گەڕانەوە بۆ شاری غەززە و باکوور، خەڵکەکە بێزاربوون و دەیانەوێت بڕۆنەوە بۆ ماڵەوە. ئەمە ئەو ڕێککەوتنە بوو کە واژۆ کرا وانیە؟"
وتیشی " زۆرێک لە خەڵکەکە نازانن ئایا ئەو ماڵانەی کە بۆیان دەچنەوە هێشتا ماون یان نا. بەڵام دەیانەوێت سەرەڕای ئەوەش بگەڕێنەوە، دەیانەوێت لە تەنیشت خانووە وێرانکراوەکانییاندا خێمە هەڵبدەن، دەیانەوێت هەست بە ماڵەوە بکەن."
ڕۆژی یەکشەممە شایەتحاڵان وتییان زۆرێک لە خەڵکەکە شەوی ڕابردوو لەسەر شەقامی سەڵاحەدین خەوتوون، کە شەقامی سەرەکی نێوان باکوور و باشوورە و دەکەوێتە سەر کەنار دەریاکە، خەڵکەکە لەسەر ئەو شەقامە چاوەڕێ دەکەن لە خاڵە پشکنینە سەربازییەکەی ئیسڕائیل لە نیتزاریم لە ناوەڕاستی کەرتی غەززە تێپەڕن و بەرەو باکوور بڕۆن.
بەپێی ڕێککەوتنەکە کە لەلایەن میسڕ و قەتەڕەوە نێوەندگری کراوە و ئەمەریکاش پشتگیری لێکردووە، ئیسڕائیل دەبووایە ڕێگەی بە ئاوارە فەلەستینییەکان بدات بگەڕێنەوە بۆ ماڵەکانییان لە باکووری غەززە.
کێشەکە دوای ئەوە دروست بوو کە ڕۆژی شەممە دەبووایە حەماس لەگەڵ ئەو چوار سەربازە بارمتەیەی کە ئازادی کردن ژنێکی مەدەنیشی ئازاد بکردایە بە ناوی ئاربیل یەهود، یەهود لە ماوەی هێرشەکانی 7 ی مانگی 10 ی ساڵی 2023 ی حەماسدا بۆ سەر ئیسڕائیل ڕفێندرا و وەکو بارمتە گیرا.
ئیسڕائیل ڕایگەیاند لە ئەنجامی ئەوەدا ئیسڕائیل بڕیاریداوە خاڵە پشکنینەکانی لە ناوەڕاستی کەرتی غەززە نەکاتەوە و ڕێگە بە پەڕینەوە نەدات بۆ باکووری کەرتی غەززە، حەماس بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و ئیسڕائیلی تۆمەتبار کرد بە تۆمەتی ڕاگرتن و بە بەرپرسی دانا لە دواکەوتنەکە.
ڕۆژی شەممە سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ فەرمانی بە سوپای ئەمەریکا کرد ئەو بۆمبە 2000 پاوەندییانە بدەن بە ئیسڕائیل کە سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا جۆو بایدن فەرمانی کردبوو جارێ نەدرێن بە ئیسڕائیل بەهۆی نیگەرانییەکانیەوە لەسەر کاریگەریی ئەو بۆمبانە لەسەر دانیشتوانی مەدەنی لە غەززە.
هەروەها سەرۆک ترامپ داوای لە میسڕ و ئوردنیش کرد فەلەستینی زیاتر لە غەززە وەربگرن، بۆ ماوەیەکی کاتی بێت یان بۆ هەمیشەیی، وتی " دەبێت هەموو شتەکە ڕوون بکەینەوە."
دوای پەیوەندییەکی تەلەفونی لەگەڵ شا عەبدوڵای ئوردندا، سەرۆک ترامپ بە ڕۆژنامەنووسانی وت " ئەوە بە ڕاستی شوێنی تەقینەوەیە، هەموو شتێک لەوێ تەقێندراوەتەوە و خەڵکەکەش لەوێ دەمرن."
سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا، ڕۆیتەرز