Accessibility links

ئەمریکا سزا دەسەپێنێتە سەر گەندەڵکاران لە عێراق


وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایدەگەیەنێت وڵاتەکەی ئامادەیە بۆ سەپاندنی سزا بەسەر ئەو کاربەدەستە عێراقیانەی لە گەندەڵیەوە تێوەگلاون و هەروەها ئەوانەش کە بەرپرسیارێتی کوژرانی خۆپیشاندەرانی عێراقییان دەکەوێتە ئەستۆ.

مایک پەمپەیۆ دەڵێت "لە چەند هەفتەی ڕابردووەوە ئەمریکا زۆر زۆر بە وردی چاودێریی خۆپیشاندانەکانی عێراقی کردووە. ئێمە پشتیوانی لە گەلی عێراق دەکەین کە هەوڵ بۆ وڵاتێکی گەشەکردوو دەدات، وڵاتێک گەندەڵی و هەروەهاش کاریگەرییە خراپەکانی ئێرانی تیادا نەبێت. ئێمە ئەوەمان بە ئاشکرایی ڕاگەیاندوە، دەبێت ڕێبەرانی عێراق مافەکانی مرۆڤ بپارێزن لە کاتێکدا عێراقییەکان دەنگی خۆیان بڵند کردۆتەوە بۆ دڵنیابوون لە دیموکراسییەکی گەشەکردوو."

زیاتر لە 300 کەس کوژراون و بە هەزارانیش بریندارن (لە خۆپیشاندەران و لە هێزە ئاسایشیەکانیش) لەوەتای سەرەتای مانگی دەی ڕابردووەوە کە جارێکی تر شەپۆلی ناڕەزایی شار و شارۆچکەکانی ناوەڕاست و باشوری عێراقی گرتەوە.

ئەم شەپۆلی ناڕەزاییەی ئێستا، بە گەورەترین خۆپیشاندانی عێراق دادەنرێت، پاش ڕوخاندنی ڕژێمە دیکتاتۆرییەکەی سەدام حوسەین.

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە لێدوانەکەی ڕۆژی دووشەممەیدا بۆ پەیامنێران باسی لەوەش کردووە کە وابەستەبوونی ئەمریکا بەرامبەر عێراق بەردەوامە و دەشڵێت "ئێمە دەستەوستان نابین لە کاتێکدا کاربەدەستە گەندەڵەکان خەڵکی عێراق دووچاری مەینەتی دەکەن. ئەمڕۆ پشتڕاستی دەکەمەوە، ئەمریکا دەسەڵاتی یاسایی خۆی بەکاردەهێنێت بۆ سەپاندنی سزا بەسەر گەندەڵکارانی سامانی عێراقییەکان دەدزن و هەروەهاش بەسەر ئەوانەی خۆپیشاندەران دەکوژن و بریندار دەکەن."

مایک پەمپەیۆ ئاماژەش بەوە دەکات کە ئەو سزایانە هیچ جیاوازییەک ناکات لەسەر بنچینەی ئاینی و نەژادی و دەڵێت هاوشێوەی ئەو خەڵکەی ڕژاونەتە سەر شەقامەکانی عێراق، کە دژی ئەوانەن خراپەکارییان کردووە بەرامبەر گەلی عێراق، جا هەر کەسێک بێت.

عێراقییەکان داوای هەڵوەشاندنەوەی حکومەتی عێراق دەکەن و دەستەبژێری سیاسی عیراق بە خۆ دەوڵەمەند کردن و خزمەتکردنی بەرژەوەندییە بیانییەکان و بەتایبەتیش کۆماری ئیسلامی ئێران گوناهبار دەکەن.

XS
SM
MD
LG