Accessibility links

سەرۆک بایدن لەگەڵ ڕێبەرانی پۆڵەندا کۆدەبێتەوە سەبارەت بە خەرجی ناتۆ دژی ڕووسیا


سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن و سەرۆکی پۆڵەندا ئاندژەی دودا
سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن و سەرۆکی پۆڵەندا ئاندژەی دودا

سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن ڕۆژی سێشەممە لەگەڵ سەرۆک و سەرۆک وەزیری پۆڵەندادا کۆدەبێتەوە بە مەبەستی دەرخستنی هاوسۆزی بۆ ئۆکرانیا لە جەنگەکەیدا دژی ڕووسیا و تاوتوێکردنی ڕێگاکان بۆ زیادکردنی خەرجییەکان بۆ ناتۆ دژی مەترسییەکانی مۆسکۆ.

کۆبوونەوەکە لە کۆشکی سپی لە نێوان بایدن و سەرۆکی پۆڵەندا ئاندژەی دودا و سەرۆک وەزیری پۆڵەندا دانۆڵد توسک لە نێوەندی هەڵمەتێکی بایدندا دێت بۆ زاڵبوون بەسەر هەندێک لە کۆمارییەکانی کۆنگرێسدا کە تاوەکو ئێستا ڕێگریی دەکەن لە پەسەندکردنی یارمەتییەکی سەربازیی بە بڕی 95 ملیار دۆلار بۆ ئۆکرانیا و ئیسڕائیل.

کۆشکی سپی وتی " ڕابەران دووبارە جەخت لە پشتیوانییە جێگیرەکەیان دەکەنەوە بۆ بەرگریی ئۆکرانیا دژی جەنگە داگیرکارییە دڕندانەکەی ڕووسیا." ئاماژەی بەوەدا سێ ڕابەرەکە هەماهەنگی دەکەن پێش کۆبوونەوەی لوتکەی ناتۆ کە بڕیارە لە 9-11 ی مانگی حەوتدا لە واشنتن بەڕێوەبچێت.

بەرپرسێکی واشنتن وتی سێ ڕابەرەکە ئاهەنگ دەگێڕن بە بۆنەی 25هەمین ساڵیادی پەیوەندیکردنی پۆڵەندا بە ناتۆوە و تاوتوێی " قووڵکردنەوەی پەیوەندییە بەرگرییەکەی نێوانییان دەکەن، کە لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا لە دوای دەستپێکردنی داگیرکارییەکەی ڕووسیاوە پەیوەندییەکە نزیکتر بووەتەوە."

دودا لە ڕۆژنامەی واشنتن پۆست داوا لە سەرجەم ئەندامانی ناتۆ دەکات خەرجیی سەربازیی ناتۆ لە سەدا 2 ەوە زیاد بکەن بۆ لە سەدا 3، چونکە سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن ئابووری ڕووسیای گۆڕیوە بۆ شێوازی جەنگ و لە سەدا 30 بودجەی ساڵانەی ڕووسیای بۆ چەک دابین کردووە.

دودا نوسیویەتی " گەڕانەوە بۆ دۆخی هەنووکەیی ڕێی تێناچێت. پەرۆشییە ئیپڕیالیستەکەی ڕووسیا و پێداچوونەوەگەراییە دوژمنکارانەییەکەی، مۆسکۆ بەرەو ململانێیەکی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ناتۆ و ڕۆژئاوا و دواجار سەرانسەری جیهانی ئازاددا دەبەن."

سەرۆک وەزیری هەنگاریا ڤیکتۆر ئۆربان دوای کۆبوونەوەکەی لەگەڵ دانۆڵد ترامپی کاندیدی سەرۆکایەتی هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکادا وتی ترامپ پێی وتووە کە ئەگەر لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیدا سەربکەوێت ئەوا پارە نادات بۆ یارمەتیدانی ئۆکرانیا لە شەڕەکەیدا دژی ڕووسیا و پەلە دەکات بۆ کۆتایی هێنان بە جەنگەکە.

ئۆربان ڕۆژی یەکشەممە وتی " ئەو ' ترامپ ' پارە ناخاتە جەنگەکەی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیاوە و لەبەرئەوەش جەنگەکە کۆتایی دێت. چونکە دیارە کە ئۆکرانیا بە تەنها ناتوانێت لەسەر قاچەکانی خۆی بوەستێت."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG