Accessibility links

پێنتاگۆن: لە ساڵی 2019 دا هێزەکانی ئەمەریکا نزیکەی 130 هاوڵاتی مەدەنییان کوشتووە


لە ڕاپۆرتێکی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا ( پێنتاگۆن ) دا هاتووە ساڵی ڕابردوو لەمیانەی ئەرکە سەربازییەکانی ئەمەریکادا لە عێراق و سوریا و ئەفغانستان و سۆماڵ نزیکەی 130 هاوڵاتی مەدەنی کوژراون و 91 کەسی دیکە برینداربوون. ئەم ژمارەیەش زۆر کەمترە لەو ژمارەیەی ڕێکخراوە چاودێرییەکان ئاماژەیان پێداوە.

لە ڕاپۆرتەکەدا کە دەست ڕۆیتەرز کەوتووە و نزیکەی 20 پەڕەیە ئاماژە بەوە دەدات ساڵی ڕابردوو لەمیانەی ئەرکە سەربازییە ئاسمانی و پیادەکانی هێزەکانی ئەمەریکادا لە ئەفغانستان 108 هاوڵاتی مەدەنی کوژراون، لەکاتێکدا لە عێراق و سوریا 22 کەس و لە سۆماڵیش تەنها دوو کەس کوژراون.

وەزارەتەکە ئەوەشی خستەڕوو هیچ هاوڵاتیەکی مەدەنی لە لیبیا و یەمەن نەکوژراون.

لە ڕاپۆرتەکەی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکادا هاتووە دەڵێت " سەرەڕای ئەوەی کوژرانی هاوڵاتیانی مەدەنی کارەساتێکە ناتوانرێت لە جەنگدا خۆتی لێبەدووربگریت، سوپای ئەمەریکا تەواو پابەندە بە دانانی سنوورێک بۆ کوژرانی هاوڵاتیانی مەدەنی."

سوپای ئەمەریکا دانیشی بەوەدانا کە ڕاپۆرتەکانی سەبارەت بە ئاماری کوژراوانی هاوڵاتیانی مەدەنی جیاوازە لە ڕاپۆرتەکانی ڕێکخراوە ناحکومیەکان، وتی پێدەچێت هۆکاری ئەوە بگەڕێتەوە بۆ جیاوازییەکان لە جۆرێتی ئەو زانیارییانەی بەرکارهێندراون.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG