Accessibility links

ئەمەریکا داهێنانی ژمارە 10 ملیۆنی خۆی تۆمارکرد


تۆماس ئەدیسۆن
تۆماس ئەدیسۆن

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا هەرچەندە وڵاتێکی نوێـیە بەراورد بە زۆرێک لە وڵاتانی جیهان، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لە ماوەی 242 ساڵی تەمەنی، هێندە داهێنانی مەزنی هەبووە نەک تەنیا وەرچەرخانێکی گەورە بوون لە ژیانی ئەمەریکایـیەکاندا بەڵکو بۆ تەواوی خەڵکی جیهان.

ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی 19 ی مانگی شەشی ساڵی 2018 ئۆفیسی ئەمەریکا بۆ تۆمارکردنی داهێنان و هێما بازرگانیـیەکان داهێنانی ژمارە 10 ملیۆنی تۆمارکرد، ئەویش داهێنانێکی کۆمپانیای ڕایثۆنە Raytheon.

یەکەم داهێنان پـێش 228 ساڵ تۆمارکراوە و لە لایەن جۆرج واشنتن یەکەم سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە 31 ی مانگی شەشی ساڵی 1790 واژوکراوە. سامۆئێل هۆپکنز داهێنانەکەی کردبوو، ئەویش چۆنیەتی بەرهەمهێنانی مادەی پـۆتاس، ئەوەی بۆ دروستکردنی چیمەنتۆ بەکاردەهێنرێت.

کۆمپانیاکانی مایکرۆسۆفت و ئەپـڵ و ئنتێڵ و گوگڵ بەشێکن لەو کۆمپانیایانەی ژمارەیەکی ئێجگار زۆر داهێنانیان هەبووە.

سەرۆک ئبراهام لینکن ئەویش لە ساڵی 1849 داهێنانێکی لە بواری کەشتی دەریایی هەبوو و تاکە سەرۆکی ئەمەریکایە کە داهێنانی هەبووبێت.

بەڵام چەند داهێنانێک هەن کە سەختە وێنای ژیان بەبێ بوونیان بکرێت، لەوانە کڵۆپ کە لە لایەن تۆماس ئەدیسۆن لە ساڵی 1880 دروستکرا. ئەدیسۆن بۆخۆی بە تەنیا خاوەنی زیاتر لە 1000 داهێنانە. هەروەها بزوێنەری فڕۆکە کە لە ساڵی 1906 لەلایەن هەردوو برا ویڵبەر و ئۆرڤێڵ ڕایتەرزەوە داهێنرا.

جێی ئاماژەیە ئۆفیسی ئەمەریکا بۆ تۆمارکردنی داهێنان و هێما بازرگانیـیەکان سەر بە وەزارەتی بازرگانی ئەمەریکایە و بارەگاکەی لە ناوچەی ئەلیگزاندریای ویلایەتی ڤێرجینیایە.

XS
SM
MD
LG