Accessibility links

پێشنیار دەکرێت لە تەمەنی 6 ساڵییەوە منداڵان لەسەر خۆراکی تەندروست و وەرزش ڕابهێندرێن


بەپێی پێشنیاری پانێڵێکی شارەزایانی ئەمەریکا، ئەو منداڵانەی کە کێشەی قەڵەوییان هەیە دەبێت لە تەمەنی 6 ساڵییەوە ڕێنمایی بکرێن بۆ هاندانیان بۆ خۆراکی تەندروست و خووگرتن بە وەرزشەوە.

هێزی ئەرکی خزمەتگوزارییەکانی خۆپارێزی کە لەلایەن حکومەتی ئەمەریکاوە پشتگیری لێدەکرێت لە ساڵی 2017 دا پێشنیاری کرد لە تەمەنی 6 ساڵییەوە پشکنین بۆ قەڵەوی ئێجگار زۆر ئەنجام بدرێت.

پانێڵەکە دەڵێت لەو کاتەوە توێژینەوەکان کاریگەریی دەستوەردانی چڕییان لە ڕەفتاری منداڵەکاندا دەرخستووە، دەستوەردانەکەش بریتییە لەوەی منداڵەکە لانیکەم 26 کاتژمێر ڕاوێژیی لەگەڵ یەکێک یاخود چەند پیشەگەرێکی تەندروستیدا هەبێت، ئەوەش لە پێناو گەیشتن بە کێشێکی تەندروست و باشترکردنی کواڵێتی ژیان بۆ منداڵان و نەوجەوانان.

ئامۆژگارییە نوێیەکەی هێزی ئەرکی خزمەتگوزارییەکانی خۆپارێزیی ئەمەریکا باس لە بەکارهێنانی دەرمانەکانی وەکو نۆڤۆ نۆردیسکی ویگۆڤی ناکات، کە تەنها بۆ منداڵانەی تەمەن 12 ساڵ بۆ سەرەوە پەسەند کراوە، یاخود بۆ نەشتەرگەری.

وتیشی سەیری بەڵگەکانی کردووە لەسەر دەرمانەکانی دابەزاندنی کێش بەڵام بۆی دەرکەوتووە کە پێویستمان بە توێژینەوەی زیاترە بۆ ئەوەی بە تەواوەتی لە دەرەنجامە درێژخایەنەکانی ئەو دەرمانانە تێبگەین.

ئەندامی هێزی ئەرکی خزمەتگوزارییەکانی خۆپارێزیی ئەمەریکا، دکتۆر کاترینا دۆناهیو، لە بەشی پزیشکی زانکۆی نۆرث کارۆلاینا وتی ڕاوێژکردن لەگەڵ منداڵانی قەڵەودا لە " پاکێجێک " پێکدێت کە چالاکی جەستەیی و پشتگیریکردن لە گۆڕینی ڕەفتاری منداڵەکە لە خۆدەگرێت، هەروەها لەسەر خواردنی تەندروستیش وانەیان پێدەدرێت.

دۆناهیو دانی بەوەشدا نا کە ڕاوێژییەکە لە هەر شارێکدا بە شێوەیەکی جیاواز دەبێت، ئەوەش پەیوەستە بە سەرچاوەکانەوە. بەڵام بەپێی داتاکانی پانێڵەکە کە لە 58 تاقیکردنەوەی کۆنتڕۆڵکراوەوە وەرگیراون و زیاتر لە 10,000 منداڵ بەشداربوون تێیدا، دەردەکەوێت کە ئەم ڕاوێژییانە سوودییان هەبووە، دۆناهیو وتی بەڵام ئەمە لە کاتێکدا کە " منداڵەکە لەگەڵ پیشەگەرەکاندا بۆ لانیکەم 26 کاتژمێر پەیوەندی هەبووبێت."

نزیکەی یەک کەس لە کۆی پێنج منداڵ و هەرزەکار لە ئەمەریکا ڕووبەڕووی کێشەی قەڵەوی بوونەتەوە. ئەوەش بەپێی ناوەندەکانی کۆنتڕۆڵکردن و خۆپارێزی لە نەخۆشییە گواستراوەکانی ئەمەریکا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG