وەزیری بەرگری ئەمەریکا گەیشتە پاکستان بە مەبەستی وتووێژکردن لەگەڵ سەرۆک وەزیری ئەو وڵاتە و سەرۆکی لەشکر سەبارەت بە شەڕی دژی تێرۆرزم و ڕەوشی وڵاتی ئەفغانستانی دراوسێ.
جەیمس ماتیس ئەمڕۆ دووشەممە بە فڕۆکە گەیشتە بنکەی هێزی ئاسمانی لە شاری ڕاولبەندی نزیک ئیسلام ئابادی پایتەخت و لەوێشەوە بەرەو باڵیۆزخانەی ئەمەریکا بەڕێکەوت.
بەر لە دەسـتپـێکردنی کۆبوونەوەکان لە ئیسلام ئاباد، شاهید خاقان عەباسی سەرۆک وەزیری پاکستان بۆ میدیاکانی ڕاگەیاند هیچ کەسێک هێندەی پاکستان ئاشتی لە ئەفغانستاندا ناوێت و گوتی پاکستان و ئەمەریکا هەمان ئامانجی هاوبەشیان هەیە.
هەریەک لە وەزیری ناوخۆی پاکستان و ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی و سەرۆکی هەواڵگری ئەو وڵاتە بەشداریـیان لە کۆبوونەوەکاندا کرد.
ماتیس لای خۆیەوە هیچ لێدوانێـکی نەدا، بەڵام بەر لەوەی بگاتە پاکستان لە فڕۆکەکە بۆ ڕۆژنامەوانانی ڕاگەیاند تەکتیکی فشارخستن بەکارناهێنێت و زیاتر گوێبیستی ڕاوبۆچوونی کاربەدەسـتانی پاکستان دەبێت. گوتیشی هەوڵ دەدەن بە زەمینەیەکی هاوبەش بگەن تاوەکو پـێکەوە کاربکەن.
جێی ئاماژەیە واشنتن و کابول ڕەخنەی زۆریان لە ئیسلام ئاباد هەیە و دەڵێن وەکو پـێویست ڕووبەڕووی گروپە توندڕەوەکان نابێتەوە، بە تایبەتی ئەوانەی لەسەر سنوورەکانەوە پـیلانگێڕی دەکەن بۆ هێرشی تێرۆرستی لە ناو ئەفغانستاندا.