Accessibility links

بلینکن لەگەڵ وەزیری دەرەوەی پاکستاندا تاوتوێی پەیوەندییەکانی نێوان دوو وڵاتەکە دەکەن


وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن لەگەڵ وەزیری دەرەوەی پاکستان بوتو زەرداریدا قسەی کرد و تاوتوێی پەیوەندییەکانی نێوان ئەمەریکا و پاکستانیان کرد، ئەمەش لەکاتێکدایە دوو وڵاتەکە هەوڵ دەدەن پەیوەندییەکانی نێوانیان باشتر بکەنەوە، دوای ئەوەی لەژێر دەسەڵاتی سەرۆک وەزیری پێشووی پاکستان عیمران خاندا گرژییان تێکەوت.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا دوای پەیوەندییە تەلەفونییەکەی نێوان بلینکن و زەرداری لە بەیاننامەیەکدا وتی دوو وەزیرەکە تاوتوێی ڕەوشی ئەفغانستانی دراوسێی پاکستانیشیان کردووە و هەروەها باسیان لە کاریگەرییەکانی داگیرکارییەکەی ڕووسیا کردووە لە ئۆکرانیا بۆ سەر ئاسایشی خۆراک لە پاکستان و سەرانسەری جیهاندا.

وەزارەتی دەرەوەی پاکستان وتی بوتو زەرداری داوای کردووە ئەمەریکا پڕۆسەی پێدانی ڤیزا بە هاوڵاتیانی پاکستان سووکتر بکات.

ئەمەش نوێترین گفتوگۆی نێوان دوو وەزیرەکە بوو، دوایین جار لە مانگی پێنجدا قسەیان کرد.

سەرۆک وەزیری پێشووی پاکستان عیمران خان لە مانگی چواردا لە دەنگدانێکدا لە پەرلەمانی وڵاتەکە متمانەی لێسەندرایەوە و لەسەر دەسەڵات لابرا. لە سەرەتای دەستبەکاربوونیەوە وەکو سەرۆک وەزیری پاکستان دژایەتی ئەمەریکای کردووە، پێشوازی لە کۆنتڕۆڵکردنەوەی ئەفغانستان کرد لەلایەن تاڵیبانەوە و لەمدواییانەشدا واشنتنی تۆمەتبار کرد بە تۆمەتی ئەوەی لەپشت هەوڵەکانەوە بووە بۆ لابردنی لەسەر دەسەڵات.

ئەنجومەنەکانی ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا و ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی پاکستان کە پێکهاتوون لە ڕابەرە مەدەنی و سەربازییە باڵاکانیان، ئەو تۆمەتانەیان ڕەت کردەوە.

ڕۆژی چوارشەممە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە بەیاننامەیەکدا وتی " وەزیر پێشوازی لە یادی 75 ساڵەی پەیوەندییە دیبلۆماتییەکانی نێوان ئەمەریکا و پاکستانی کردووە و هەروەها دووبارە جەختی لە ئامانجە هاوبەشەکانمان کردۆتەوە بۆ پەرەدان بە پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانی نێوان ئەمەریکا و پاکستان لە بابەتەکانی سەقامگیری ئابووری و کەش و هەوا و تەندروستیدا."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG