Accessibility links

بەرپرسێکی ئەمەریکی: ئەمەریکا نیگەرانە سەبارەت بە گرژییەکانی نێوان هیندستان و پاکستان


بەرپرسێکی باڵای بەڕێوبەرایەتییەکەی ئەمەریکا وتی واشنتن هێشتا نیگەرانە سەبارەت بە گرژییەکانی نێوان هیندستان و پاکستان و مانەوەی سوپای هەردوو وڵاتەکە لە حاڵەتی ئامادەباشیدا، لەکاتێکدا ڕەوشەکە تۆزێک هێوربۆتەوە لەناوچەکەدا.

بەرپرسێکی ئەمەریکی کە نەیویست ناوی بڵاوبکرێتەوە بە ڕۆژنامەنووسانی وت " هێشتا دەبینین هەردوو سوپاکە لە حاڵەتی ئامادەباشیدان بۆیە ئەگەر پاکستان هیچ شتێک نەکات سەبارەت بە گروپە تیرۆریستیەکان و هێرشێکی تیرۆریستی دیکە ڕووبدات ئەوا زۆر بەخێرایی ڕەوشەکە جارێکی دیکە خراپ دەبێتەوە."

وتیشی بەڕیوبەرایەتییەکەی ئەمەریکا پێی وانیە پاکستان ڕێوشوێنی پێویستی گرتبێتە بەر دژی توندڕەوە ئیسلامییەکان کە بەرپرسیارێتی هێرشەکەی سەر کشمیری هیندستانیان ڕاگەیاند و بووە هۆی کوژرانی ژمارەیەکی زۆر سەربازی هیندی.

گرژییەکانی نێوان پاکستان و هیندستان لە 14 ی مانگی دوودا دەستی پێکرد کاتێک خۆکوژێک لە کشمیر خۆی تەقاندەوە و 40 سەربازی هیندی کوژران و سوپای موحەمەد بەرپرسیارێتی هێرشەکەیان ڕاگەیاند. ئەمەریکا دەڵێت سوپای موحەمەد لەلایەن پاکستانەوە پشتیوانیان لێدەکرێت بەڵام پاکستان ئەو تۆمەتانە ڕەت دەکاتەوە.

لە 26 ی مانگی دوودا هیندستان یەکەمین هێرشی ئاسمانی کردە سەر بنکەیەکی مەشق لە پاکستان، ڕۆژێک دوای ئەوە فڕۆکە جەنگیەکانی پاکستان وەکو تۆڵە سەندنەوەیەک هێرشی ئاسمانییان کردە سەر کشمیری هیندستان.

لە یەکەمین پێکدادانی لەوجۆرەدا لە دوای جەنگی ساڵی 1971 ەوە، پاکستان فڕۆکەیەکی هیندی خستە خوارەوە و فڕۆکەوانەکەی دەستگیرکرد.

لەو کاتەدا ئەمەریکا داوای لە هەردوو وڵات کرد دان بەخۆیاندا بگرن و چیتر هێرش نەکەنە سەر یەکتر تاوەکو گرژییەکان بە ئاڕاستەیەکدا نەڕۆن ببنە هۆی هەڵگیرسانی جەنگ لەنێوان ئەو دوو وڵاتەدا کە هەردووکیان خاوەنی چەکی ناوەکین.

لەکاتێکدا هەردوولا هەنگاویان ناوە بۆ هێورکردنەوەی ڕەوشەکە و پاکستان لەلای خۆتەوە وەکو ئاماژەیەکی ئاشتی بۆ هیندستان فڕۆکەوانە هیندییەکەی ئازاد کرد، بەرپرسە ئەمەریکییەکە وتی واشنتن هێشتا نیگەرانە.

لەلای خۆیەوە پاکستان دەڵێت ژمارەیەک توندڕەو و هاوەڵەکانیانی دەستگیرکردووە، بەڵام بەرپرسە ئەمەریکییەکە وتی واشنتن باوەڕی بەوە نیە هەڵمەتەکەی پاکستان دژ بە توندڕەوان کاریگەربووبێت.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG