دوو بێوه‌ژنی ئه‌و کارمه‌ندانه‌ی له ته‌قینه‌وه‌که‌ی بیره نه‌وتی که‌نداوی مه‌کسیکدا له 20 ی مانگی چواری ئه‌مساڵدا گیانیان له ده‌ستدا، داوایان له کۆنگرسی وڵاته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا کردووه، کۆمپانیای BP له کاره‌ساتی ته‌قینه‌وه‌که به‌رپرسیار بکه‌ن، هاوکات هانی یاسادانه‌رانی ئه‌مریکایی ده‌ده‌ن قه‌ده‌غه‌ی سه‌پێندراوی سه‌رۆک براک ئۆبامای سه‌ر هه‌ڵهێنجانی نه‌وتی خاوی نێو که‌ناری ئاو هه‌ڵگرن.
دوێنێ له میانه‌ی گوێبیستنێک له لایه‌ن خانه‌ی کۆمیته‌ی وزه و هه‌روه‌ها کۆمیته‌ی بازرگانی په‌یوه‌ست به لێکۆڵینه‌وه‌کانی له ستانی لویزیانا، هه‌ردوو بێوه‌ژن " کۆرتنی کێمپ و ناتالی رۆشتۆ" ، گه‌واهیان دا و هه‌ردووکیان گوتیان به‌ر له ته‌قینه‌وه‌که هاوسه‌ره‌کانیان به ته‌له‌فون له‌سه‌ر کاره‌کانیانه‌وه قسه‌یان له گه‌ڵیاندا کردوون و مه‌ترسی خۆیان له‌سه‌ر سه‌لامه‌تی شوێنه‌که ده‌ربڕیوه.
ئه‌وه‌ی شایانی باسه، وێرای مه‌رگی هاوسه‌ره‌کانیان له ته‌قینه‌وه‌ی بیره نه‌وته‌که‌دا که‌چی هه‌ردوو ئه‌و خانمه پشتگیری به‌هێزیان پیشان دا بۆ لێدانی بیر له نێو ئاوی ده‌ریادا. خانم رۆشتۆ گوتی هاوسه‌ره کۆچکردۆکهی شانازی زۆری به‌کاره‌که‌یه‌وه ده‌کرد و پاره‌ی خوێندنی کۆلیژی بۆ ده‌دا. هاوکات کێمپ گوتی لێدانی بیری نه‌وت له نزیک که‌ناری که‌نداو سه‌رچاوه‌ی بژێوی و ژیانی خانه‌واده‌کانی ئه‌و ناوچه‌یه‌یه.