Accessibility links

بەرپرسێکی ئەمەریکا: ڕووسیا کێشەی بۆ دروست بووە لەگەڵ فڕۆکە بێفڕۆکەوانە ئێرانییەکاندا

بەرپرسێکی باڵای بەڕێوبەرایەتییەکەی ئەمەریکا دەڵێت ڕووسیا " ڕووبەڕووی کێشەیەکی زۆر " بۆتەوە لەگەڵ ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانەی کە لەم مانگەدا لە ئێرانەوە وەریگرتوون تاوەکو لە جەنگەکەیدا دژی ئۆکرانیا بەکارییان بهێنێت.

بەرپرسەکە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکات گوتی ئەمەریکا پێی وایە ڕووسیا لەم مانگەدا فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێرانی موهاجیر – 6 و شەهید – سیریسی وەرگرتووە. بەرپرسەکە وتیشی ڕەنگە ئەمە پلانی ڕووسیا بێت بۆ وەرگرتنی سەدان فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێرانی.

گوتی " بە هەڵسەنگاندنی خۆمان پێمان وایە ڕووسیا بەنیازە ئەم فڕۆکە بێفڕۆکەوانە ئێرانییانە بەکاربهێنێت کە دەتوانن هێرشی ئاسمان بۆ زەوی و شەڕی ئەلیکترۆنی و بە ئامانجکردن لە گۆڕەپانی جەنگەکەدا ئەنجام بدەن لە ئۆکرانیا ."

لە مانگی حەوتدا ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا جەیک سۆلیڤان بە ڕۆژنامەنووسانی وت ئەمەریکا زانیاری هەیە لەسەر ئەوەی ئێران ئامادەکاری دەکات بۆ پێدانی سەدان فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بە ڕووسیا.

مانگی ڕابردوو بەڕێوبەرایەتیەکەی سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن وێنەی مانگە دەستکردەکانی بڵاوکردەوە کە تیایدا ئاماژە بەوە دەدەن بەرپرسانی ڕووسیا لە 8 ی مانگی شەش و 5 ی مانگی حەوتدا سەردانی بنکەی ئاسمانی کاشانی ئێرانییان کردووە تاوەکو سەیری فڕۆکە بێفڕۆکەوانە ئێرانییەکان بکەن.

وەزیری دەرەوەی ئێران حوسەین ئەمیرعەبدوڵاهیان مانگی ڕابردوو گوتی تاران " هاریکاری جۆراوجۆری لەگەڵ ڕووسیادا هەیە، هاریکارییەکان کەرتی بەرگریش دەگرنەوە."

ڕۆژی دووشەممە ئۆکرانیا ڕایگەیاند لە کۆمەڵێک ناوچەی نزیک شاری خێرسۆنی باشوور هێڵەکانی دوژمنییان بڕیوە، لەکاتێکدا هێزەکانی ئۆکرانیا دەستیان کردووە بە هەوڵەکانیان بۆ کۆنتڕۆڵکردنەوەی ناوچە داگیرکراوەکان لە باشووری وڵاتەکەدا. مۆسکۆش دەڵێت هێرشە پێچەوانەکەی ئۆکرانیا شکستی هێناوە لەکاتێکدا ڕووسیا بۆردومانی شاری میکۆلایڤی کردووە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG