Accessibility links

سەرۆک ئۆباما پارێزەرێـکی موسڵمان بۆ پـۆستی دادوەری فیدراڵی ئەمەریکا دەسـتنیشان دەکات


Abid Riaz Qureshi
Abid Riaz Qureshi

سەرۆک ئۆباما پارێزەرێـکی موسڵمانی ئەمەریکایی بە ڕەچەڵەک پاکستانی دەسـتنیشانکردووە تاوەکو ببێتە دادوەرێـکی فیدراڵی وڵاتەکە.

کۆشـکی سـپی لە بەیانـنامەیەکدا نووسیویەتی سەرۆک ئۆباما پارێزەر عەبد ڕیاز قورەیشی دەسـتنیشانکردووە ببێتە دادوەری فیدراڵی لە دادگای واشنتنی پایتەخت.

سەرۆک ئۆباما گوتویەتی " خۆشحاڵم بە دەسـتنیشانکردنی بەڕێز قورەیشی تاوەکو لە دادگای واشنتنی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا خزمەت بکات. من دڵنیام بە پاکی و پابەندبوونێـکی پتەو و نەگۆڕ بە دادپەروەری خزمەتی خەڵکی ئەمەریکا دەکات."

ئەنجومەنی پەیوەندیـیەکانی ئەمەریکایی- ئیسلامی CAIR بنکە لە واشنتن خۆشحاڵی خۆی بەم بڕیارە دەربڕی و بەیانـنامەیەکی لەم بارەیەوە بڵاوکردەوە و تیایدا نووسیویەتی ئەم هەنگاوە جێی خۆشحاڵی موسڵمانانی ئەمەریکا و هەموو ئەو ئەمەریکایـیانە دەبێت کە ڕێز لە فرە پـێکهاتەی وڵاتەکە دەگرن.

بەڵام قورەیشی تەنها بەم بڕیارەی سەرۆک ئۆباما ئەم پـۆستە ناگرێتە دەست، بەڵکو دەبێت ئەنجومەنی سیناتی ئەمەریکاش پەسەندی بکات، ئەمەش پـرۆسەیەکی درێژە و ڕەنگە بڕیاردان لەسەری بکەوێتە دوای کۆتایی‌هاتنی ماوەی سەرۆکایەتی سەرۆک ئۆباما. ئەگەربێت و ئەنجومەنی سینات پەسەندی بکات، ئەوا دەبێتە یەکەم موسڵمان پـۆستی دادوەری فیدراڵی ئەمەریکا بگرێتەدەست.

جێی ئاماژەیە عەبد ڕیاز قورەیشی لە دایکبووی پاکستانە و کۆچی بۆ ئەمەریکا کردووە و لە ساڵی 1993 بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە زانکۆی کۆرنێلی نیویۆرک وەرگرتووە و لە ساڵی 1997 بڕوانامەی دکتۆرای لە زانکۆی هارڤەرد بەدەسـتهێناوە. بەهۆی لێهاتوویی و تواناکانی لە چەندان ڕێکخراو و کۆمیتەی یاسایی بەرپـرس بووە.

ساڵی 2012 لە لایەن گۆڤاری " National Law Journal " خەڵاتی "پاڵەوانانی دادوەری" وەرگرتووە، ئەمەش وەکو پـێزانینێـک بۆ هەوڵەکانی لە بواری پـیشەی پارێزەریدا.

لە ئێستادا قورەیشی لە ئۆفیسێـکی پارێزەران لە واشنتنی پایتەخت کاردەکات.

XS
SM
MD
LG